مارکۆ ڕوبیۆ: ئەمەریکا ڕێگە بە ئێران نادات چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت

ئەمڕۆ دووشەممە، 5ـی نیسانی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەمەریکا ڕێگە بە ئێران نادات ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی. جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی پابەند دەبێت لە ڕێگریی لەوەی تاران پەرە بە چەکی ئەتۆمی بدات.

ئەو لێدوانەی مارکۆ ڕوبیۆ لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە برۆکسل بوو، کە تێیدا ڕوونی کردەوە "دۆناڵد ترەمپ لە نزیکەوە چاودێریی ئەم پرسە دەکات و بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی هەنگاوەکانی داهاتوو دەکات."

ڕوبیۆ ئاماژەی بەوەش کرد "هیچ وڵاتێک لە جیهاندا نایەوێت، ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی واشنتن بەردەوام دەبێت لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ دڵنیابوون لەوەی تاران نەتوانێت ئەم ئامانجە بەدەست بهێنێت."

پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، سەبارەت بە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی نامەیەکی بۆ ڕێبەری باڵای ئێران ناردووە.

ترەمپ ڕوونیشی کردەوە کە واشنتن دوو بژاردەی بۆ چارەکردنی قەیرانەکان لەبەرچاو دەگرێت، ئەویش سەربازی و دیپلۆماسی، بەڵام دانووستانەکان لە پێشینەی کارەکانیدایە.

لە ساڵی 2015 ئێران، بەریتانیا، ئەڵمانیا، چین، ڕووسیا، ئەمەریکا و فەرەنسا گەیشتنە ڕێککەوتنێکی هاوبەش، ئەویش بریتی بوو لە سووککردنی سزاکانی سەر تاران لە بەرامبەر سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

لە مانگی ئایاری 2018، ئەمەریکا لەکاتی سەرۆکایەتیی ترەمپدا، تاک لایەنە لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، ئەمەش وای کرد تاران وردە وردە بەڵێنە ئەتۆمییەکانی کەم بکاتەوە.