سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا: بڕیارەکەی ترەمپ مەترسیدارە و دەبێتە هۆی قەیرانی جیهانی

فرانسوا بایرۆ، سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا پێشبینی دەکات باجی نوێی ئەمەریکا تێچووەکەی زیاتر لە 0.5%ی بەرهەمی ناوخۆیی بێت.
سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی لۆ پاریسیانی فەرەنسی ڕایگەیاند، "مەترسی لەدەستدانی هەلی کار زۆرە، هەروەها مەترسی لاوازبوونی ئابووریی و وەستانی وەبەرهێنانهەیە."
ئاماژەی بەوەش کردووە "ئەو ناسەقامگیرییەی کە لە ئەنجامدا دروست دەبێت، ئابووریی جیهانی بۆ ماوەیەکی زۆر لاواز دەکات".
لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: بڕیارەکەی ترەمپ زۆر مەترسیدارە، بۆ ئێمە و بۆ ئەمەریکاش زیانی زیاترە، سەپاندنی ئەو باجە شێتانەیە دەبێتە هۆی قەیرانێکی جیهانی.
ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، ترەمپ فەرمانی جێبەجێکردنی باجی ئیمزا کرد و بەلایەنی کەمەوە 10%ی باج لەسەر هەموو هاوردەکردنەکان بۆ ئەمەریکا و 20% بەسەر ئەوانەی لە یەکێتیی ئەورووپاوە دەسەپێنن، ئەمەش مەترسی بۆ سەرانسەری جیهان هێناوە.