فەرماندەیەکی حووسییەکان: ئێران پشتی تێ نەکردووین

فەرماندەیەکی چەکدارە حووسییەکانی یەمەن بۆ میدیا عەرەبییەکان قسەی کردووە و هەموو ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی ڕەتکردووەتەوە، کە باس لە پشتتێکردنی ئێران لە هاوپەیمانییەتیی حووسییەکان دەکەن، فەرماندەکە دەڵێت: هاوکارییەکانی تاران بۆ پشتیوانی لە یەمەن و بەرەی مقاوەمە بەردەوامە.

فەرماندە سەربازییەکەی حووسییەکان، ناوی یەحیا حەسەنە و ئاماژەی داوە "سەرەڕای هەموو ئەو فشارانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەن، بەڵام پەیوەندییەکانی ئێران و حووسییەکان هەر تۆکمەیە، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لەگەڵ مەهدی مەشات، سەرۆکی یەمەن بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە، دەرخەری ڕاستییەکانە."

هەروەها ڕایگەیاندووە، کردە سەربازییەکانی چەکدارانی حووسی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەمەریکا و ئیسرائیل بەردەوامە و هیچ قسەیەکیش لەسەر ئاگربەست و ڕاگرتنی شەڕ نەکراوە، بەڵام مەرجی ڕاگرتنی شەڕ لەلایەن حووسییەکان پەیوەستە بە ڕاگرتنی شەڕ لە کەرتی غەززە و پابەندبوونی ئیسرائیل بە ئاگربەست.

ئەم قسانەی یەحیا حەسەن، فەرماندەی سەربازی چەکدارانی حووسی لە کاتێکدایە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو ڕۆنامەی تەلەگرافی بەریتانی لە زاری بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوی کردووە، گوایە، تاران فەرمانی دەرکردووە بۆ ئەوەی گشت ڕاوێژکار و هێزە سەربازییەکانی لە یەمەن بکشێنێتەوە و کۆتایی بە هاوپەیمانێتی و پشتیوانیی حووسییەکان بهێنێت.