کارزان هادی: لە سەوزکردنی هەولێر بەردەوامین

سەرۆکی شارەوانی هەولێر ڕایگەیاند، بەردەوامین لە سەوزکردنی شاری هەولێر.
یەکشەممە، 6ـی نیسانی 2025، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 ڕایگەیاند، ئێمە ساڵانە پلانی سەوزکردنی کورت خایەن و درێژخایەن دادەنێین.
سەرۆکی شارەوانی دەڵێت: ئێمە سەرنج دەخەینە سەر ئەو شوێنانەی کە سەوزاییان کەمە و دواتر زیادکردنی سەوزایی شاری هەولێر. شەقامی 120یش بەشێکە لەو پلانە کە دەبێت ئەو شەقامە بە تەواوی سەوز بکرێت.
دەشڵێت: بەداخەوە چەندان جار حکوومەتی عێراق گرفتی دارایی بۆمان دروست کردووە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر خزمەتگوزارییەکان هەبووە، نەمانتوانیووە ئەو پلانەی کە هەمانە، بەپێی پێویست پرۆژەکان جێبەجێ بکەین.
ئاماژەی بەوەش دا، کە سەرەڕای هەموو ئەو گرفتە داراییانەش ئێمە توانیومانە ڕێژەیەکی باشی هەولێر سەوز بکەین، بە نموونەش ڕێگای 120م بۆ مووسڵ کە بە گوژمەی نزیکە چوار ملیار دینار لەلایەن سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، بۆی تەرخان کراوە و لە بواری جێبەجێ کردندایە. هەروەها پارکی ڕەشکین کە لەسەوزاییەکی زۆر پێک هاتووە و ئاوپرژەیەکی مۆدێرنی تێدا دروست دەکرێت، بەبڕی نزیکەی 15 ملیار دینار لەبواری جێبەجێ کردندایە، کە شوێنی پیادە، ڕاکردن و تێنسی تێدایە. بە ڕەچاوکردنی پارکینگی ئۆتۆمبیل.
باسی لەوەش کرد، پرۆژەی ڕێگەی پیرمام تا شەقامی خيرای 150مەتری، ساڵی ڕابردوو تەواو بووە، بەردەوام کارمان لەسەر ئەو پرۆژانە کردووە بۆ سەوزکردنی شار. هەروەها کۆمپانیاکان دەبێ پابەند بن بە ڕێنماییە ژینگەییەکان و لە پرۆژەکانیاندا سەدا 20ـی سەوزایی بن.
کارزان هادی ڕاشیگەیاند "یەکێک لە ئەولەوێتی کارەکانمان سەوزکردنی شەقامی 120مەتری و دواتر پرۆژەمان بۆ شەقامی 150مەتریش هەیە"