بەرگریی شارستانیی سۆران: 400 ئۆتۆمبێل بەهۆی تەرزەوە زیانیان بەرکەوتووە

بەهۆی تەرزەکەی دوێنی شەممە، ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زیانیان بەرکەوت و بەرگریی شارستانی سۆرانیش خەمڵاندن بۆ زیانەکان دەکات.
یەکشەممە، 6ـی نیسانی 2025، کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لەگەڵ بارینی تەرزەکەی دوێنێ شهممه لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوت، بۆ خەمڵاندنی زیانەکانیش ئەمڕۆ لیژنەیەکی تایبەت پێک هێنراوە.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران گوتیشی: تاوەکوو ڕۆژی پێنجشەممە لیژنەکە بەردەوام دەبێت لە تۆمارکردنی زیانەکان و ناوی سیانی و شوێن و ژمارەی تابلۆ و ئەو زیانەی بەر ئۆتۆمبێلەکان کەوتووە تۆمار دەکات.
باسی لەوەش کرد، ئەمڕۆ بە نزیکەی 400 ئۆتۆمبێل تۆمار کراون و زیانەکانیشیان جیاواز و جۆراوجۆرن.
دوێنێ شهممه، 5ـی نیسانی 2025، شەپۆلێکی باران هەرێمی کوردستانی گرتەوە و لە چەند ناوچەیەکیش تەرزەیەکی زۆر باری و لهگهڵ خۆیدا زیانی به كشتوكاڵ و ئۆتۆمبێل و پێداویستی دیكهی هاووڵاتییان گهیاند.