باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له عێراق: شاندێكی گه‌وره‌ی بازرگانیی ئه‌مه‌ریكی گه‌یشته عێراق

باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له عێراق ورده‌كاریی له باره‌ی سه‌ردانی شاندێكی باڵای بازرگانیی ئه‌مه‌ریكی بۆ عێراق ده‌خاته ڕوو؛ ده‌شڵێت، شانده‌كه گه‌وره‌یه.
دووشه‌ممه، 7ـی نیسانی 2025، باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له عێراق له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ڕایگه‌یاند، شاندێكی بازرگانیی ئه‌مه‌ریكی به سه‌رۆكایه‌تی ستیڤ لۆتس، سه‌رۆكی ژووری بازرگانیی ئه‌مه‌ریكی سه‌ردانی عێراقیان كرد و بۆ ماوه‌ی دوو سێ ڕۆژ ده‌مێننه‌وه.
باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، شانده‌كه گه‌وره‌ترینه له مێژووی ژووری بازرگانیی ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراق، به شێوه‌یه‌ك 101 ئه‌ندامی نزیكه‌ی 60 كۆمپانیا له بواره‌كانی وزه، ته‌ندروستی و ته‌كنه‌لۆژیا له خۆ ده‌گرێت.
باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له عێراق ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه، شانده‌كه له ماوه‌ی 7 بۆ 9ـی نیسان له عێراق ده‌مێنێته‌وه و له میانی مانه‌وه‌یاندا چاویان به به‌رپرسانی باڵای عێراق و كۆمپانیا عێراقییه‌كان ده‌كه‌وێت و ژماره‌یه‌ك ڕێككه‌وتن و یاداشتیی لێكتێگه‌یشتن واژۆ ده‌كه‌ن.
4ـی نیسانی 2025، فه‌رهاد عه‌لائه‌ددین، ڕاوێژكاری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له وتارێكدا كه له ڕۆژنامه‌ی "The National" بڵاو كرابووه‌وه، گوتووبووی، به‌م دواییانه سه‌ردانی واشنتنی كرده‌وه و به‌رپرسێكی باڵای ئه‌مه‌ریكی پێی ڕاگه‌یاندووه، ئیداره‌ی تره‌مپ سه‌رنجی ده‌خاته سه‌ر پێشخستن و هێز و ئاسایشیی ئه‌مه‌ریكا، كه ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ خواستی عێراق و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌ك ده‌گرێته‌وه.
فه‌رهاد عه‌لائه‌ددین ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردبوو، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و عێراق به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام به‌تایبه‌تی له بواره‌كانی ئاسایش، وزه و ئابووریی پێش ده‌كه‌وێت و كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌م باره‌وه ده‌رفه‌تێكی ده‌گمه‌ن و گه‌وره‌یان له به‌رده‌مدایه بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆڵی زیاتر له پێشكه‌وتنه‌كانی عێراق بگێڕن.
ئه‌و ڕاوێژكاره‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق گوتبووی، شاندێكی باڵای كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان سه‌ردانی عێراق ده‌كه‌ن و ئامانجییان دۆزینه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی نوێیه له بازاڕه‌كانی عێراق.
فه‌رهاد عه‌لائه‌ددین باسی له‌وه‌ش كردبوو، شانده ئه‌مه‌ریكییه‌كه له سه‌ردانه‌كه‌یاندا ژماره‌یه‌ك ڕێككه‌وتن و یاداشتی لێكتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ كۆمپانیا عێراقییه‌كان واژۆ ده‌كه‌ن. جه‌ختیشی كردبووه‌وه، ده‌رفه‌تێكی گه‌وره له به‌رده‌م واشنتن و به‌غدا هه‌یه بۆ قووڵكردنه‌وه‌ی هاوبه‌شییه‌كانیان.