ئیدارەی ترەمپ پشتیوانیی دارایی پرۆگرامی خۆراکی جیهانیی ڕاگرت

ئەمەریکا پارەی تەرخانکراوی بۆ پرۆگرامی فریاگوزاریی سەر بە ڕێکخراوی خۆراکی جیهانیی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگرت، کە یارمەتی ملیۆنان کەسی هەژار لە 'ئەفغانستان، سووریا و یەمەن و 11 وڵاتی دیکە' دەدات، کە زۆرینەی ئەو وڵاتانە بەدەست ململانێکانەوە گیرۆدەن.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس، پرۆگرامی خۆراکی جیهانی، کە گەورەترین ڕێکخراوی نێودەوڵەتییە کە یارمەتییە خۆراکییەکان پێشکەش دەکات، لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا، داوای لە ئەمەریکا کردووە کە بڕینی ئەو بڕە پارەیە پێچەوانە بکاتەوە و بەردەوام بێت.
بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی 'ئێکس' بڵاوی کردووەتەوە "ئەم بڕیارە وەکوو سزای لەسێدارەدانە بۆ ملیۆنان کەس کە ڕووبەڕووی برسییەتی دەبنەوە."
پرۆگرامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە پەیوەندیدایە لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ، بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە پشتیوانییەکانی بۆ ئەم ڕێکخراوە، کە ژیانی هەزاران کەس ڕزگار دەکات، هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەمەریکا و خێرخوازانی دیکە دەربڕی بۆ بەشدارییەکانی پێشوویان.