کۆشکی سپی: ئێران بەرەو ڕێککەوتن هەنگاو دەنێت
کۆشکی سپی ڕایگەیاند: گفتوگۆکانی ڕۆژی شەممە لەگەڵ ئێران بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەبێت و ئێران بەرەو ڕێککەوتن هەنگاو دەنێت.
سێشەممە 8ـی نیسانی 2025، کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ترەمپ بە ڕوونی بە ئێرانی ڕاگەیاندووە یان دەبێت لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا ڕێککەوێت، یان بژاردەیەکی دیکە دێتە ئاراوە کە ڕەنگە بە دڵی ئێران نەبێت، بۆیە باشترین چارە ڕێککەوتنە.
ئاماژەی بەوە دا، هەر وەک سەرۆک ترەمپ گوتوێتی، ڕۆژی شەممە ئەمەریکا گفتوگۆی راستەوخۆی لەگەڵ ئێران دەبێت و ئێران بەرەو ڕێککەوتن هەنگاو دەنێت. منیش لەو بارەیەوە وردەکاری زیاتر ناخەمەڕوو.
لەبارەی باجی گومرگییەوە، گوتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێت: 70 وڵات پەیوەندییان بە واشنتنەوە کردەوە بۆ ئەوەی لەسەر بابەتی باجی گومرگی لەگەڵیدا ڕێککەون. هەروەها ترەمپ تیمێکی ڕاسپاردووە کە کار لەسەر ڕێککەوتنێکی تایبەتمەند بکات لەگەڵ هەر وڵاتێک کە مەبەستی دانووستان بێت لەسەر بابەتەکە.
کارۆلین لیڤیت، جەختی لەوەش کردەوە، واشنتن هەموو جۆرە ڕێککەوتنێک ئەنجام دەدات ئەگەر سوودی بۆ وڵاتەکە هەبێت و چارەسەری کورتهێنانی درێژخایەنی بازرگانی بکات. ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، هەر وەک ترەمپ دووپاتی کردووەتەوە، کە سەردەمی ڕادەستبوونی ئابووری ئیدی کۆتایی هات.
لە درێژە قسەکانیدا، گوتەبێژی کۆشکی سپی، باسی لە باجی گومرگی سەر چین کرد و گوتی: باجی گومرگی نوێی ئەمەریکا لەسەر چین بۆ 104% بەرز دەبێتەوە و سبەینێ دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
گوتیشی: ترەمپ پێی وایە چین لەگەڵ ئەمەریکا لەبارەی باجی گومرگی و کۆمەڵێک بابەتی دیکە دەگاتە ڕێککەوتن.
هەر ئەمڕۆ ئاژانسی "ڕۆیته‌رز" له‌سه‌ر زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئێرانی و هه‌رێمیی بڵاوی كرده‌وه، تاران ده‌خوازێت به‌ر له هه‌ر دانوستانێكی ڕاسته‌وخۆ، ده‌ستپێشخه‌ریی ڕاسته‌قینه له لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه ببینێت.
ئه‌و سه‌رچاوانه ئاماژه‌یان به‌وه‌ش كردووه، ئێران به‌ر له ده‌ستپێكردنی دانوستانی ڕاسته‌وخۆ، مه‌رجی هه‌یه و مه‌رجه‌كانیشی هه‌ڵگرتنی هه‌ندێك له سزاكان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سڕكردنی هه‌ندێك له پاره بلۆككراوه‌كانیه‌تی.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئێرانی به هه‌مان ئاژانسی گوتووه، تا ئێستا هه‌نگاوه‌كان بۆ دانوستانی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا جێی متمانه نین، ته‌نانه‌ت گومانێكی زۆر له نیازی ئه‌مه‌ریكا هه‌یه.
لای خۆیەوە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: شەممە، 12ـی نیسانی 2025 لە ئاستی باڵا دیدار و دانوستانی ناڕاستەخۆی شاندی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمەریکا لە سەڵتەنەی عوممان دەست پێ دەکات.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەو هەنگاوەی بە دەرفەت و تاقیکردنەوە ناو بردووه و گوتوویه‌تی: ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمەریکایە.