دوکاندارانی قەیسەری: بازاڕەکە بەشێوەیەکی زۆر جوان نۆژەن کراوەتەوە

نۆژهنكردنهوهی بازاڕی قهیسهری له قۆناغی كۆتاییدایه، سیستەمی ئاگرکوژێنەوە بۆ بازاڕی قهیسهری دانراوه، دوکاندارێكیش دەڵێت، به شێوهیهكی ناوازه دوكانهكان نۆژهن كراونهتهوه.
بریارە لە 10 بۆ 15 ڕۆژی دیکە، دوکانەکانی بەشی دووەمی بازاری قەیسەری هەولێر کە بە بەشە مێژوویی و کەلەپووریەکە ناسراوە، ڕادەستی خاوەنەکانیان بکرێنەوە، ئێستا تەنیا دەرگای دار ماوە بۆ دوکانەکان دابنرێت و بەشێکیشیان کارەبایان ماوە، وهك ڕێكارێكی سهلامهتیش دانانی پهرده بۆ دوکانەکان قەدەغە کراوە
بەشە سووتاوەکەی بازاڕی قەیسەری، ئێستا لە جاران جوانترە، بەجۆرێک نۆژەن کراوەتەوە کە ناناسرێتەوە، سیتەمی بۆردی ئاگر کوژاندنەوە و کارەبای 24 کاتژمێریشی بۆ دانراوە، کاسبکارانیش سەرقاڵی کار و کەسابەتی خۆیانن، هەندێکیشیان چاوەرێی تەواو بوونی بەشی دووەمی بازاڕەکەن.
گۆران عەدنان، دوکاندار بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند "من شەش دوکانم هەبوو، ئێستا بەشێوەیەکی زۆرجوان نۆژەن کراونەتەوە، ئێمە زۆر لە ئەدای کارکردنی سەرۆکی حکوومەت ڕازین، هەروەها خۆشحاڵیش دەبین سەردانمان بکاتەوە." گوتیشی: تەنیا گلەیی ئێمە ئەوەیە دەمانەوێت زوو بگەڕێینەوە ناو دوکانەکانمان.
موعتەسەم عەبدولقادری دوکاندار گوتی: دوای 11 مانگ دابڕان ئیستا گەڕاینەوە سەر ئیش وکارەکانمان، هەروەها بازاڕەکە بەشێوەیکی زۆر جوان نۆژەن کراوەتەوە."
هێندەی نەماوە ، بەشی دووەمی بازاری قەیسەری هەولێر، سیما جوانەکەی خۆی بۆ بگەڕێتەوە، کارکردن لەم بەشە سەخت بووە، چونکە بەشی شوێنەواری و مێژووییە، کارکردن لە 130 دوکان و 58 ژوور لە بەشی سەرەوەی بازارەکە بەرەو تەواو بوون دەچێت.
حەلیمە ئەحمەد، ئەندازیاری شوێنەواری بازاڕی قەیسەری ڕایگەیاند "بەشێک لەکارەبایەکانی ماوە لەگەڵ دەرگاکانی، بەڵام بۆیە دەرگاکان تەواو نەکراوە دەبوایە کاشییەکانی تەواو بکرێت دواتر دەرگاکان ببەسترێت."
تێچووی نۆژەن کردنەوەی بازاڕی قیەسەری و دوکانەکان 5 ملیار و 300 ملیۆن دینارە بە چڕی کاری تێدا دەکرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی.