یان برێم: باشترین ڕێگا پێکهێنانی کابینەی نوێیە تاکوو حکوومەت ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات

کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕێکخستنی پێشانگای نێودەوڵەتی بایەخی تایبەتی خۆی هەیە کە ڕەنگدانەوەی ئایین و کوڵتوورە جیاوازەکانە لە هەرێمی کوردستان، ئێمە وەکو فەرەنسا بە بایەخەوە دەڕوانینە ئەم پێشانگا نێودەوڵەتییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ـی نیسانی 2025، یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پێشانگای نێودەولەتی هەولێر ڕووداوێکی کولتووری زۆر گرنگ و گەورەیە بۆ هەرێمی کوردستان و ناوچەکە، بەتایبەت هەرێمی کوردستان کە خاکی کولتوور، زمان، ئایینە جیاوازەکان و پێکهاتە جیاوازەکانە.
کونسوڵی گشتیی فەرەنسا دەشڵێت: ڕێکخستنی ئەم پێشانگایە بایەخێکی تایبەتی خۆی هەیە و ڕەنگدانەوەی ئایین و کولتوورە جیاوازەکانە کە لە هەرێمی کوردستاندا دەژین، ئێمە وەکو فەرەنسا بە بایەخەوە دەروانینە ئەم پێشانگا نێودەوڵەتییە و بوونی ستاندی فەرەنسی لەم پێشانگایە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە هەموو دامەزراوەکانی فەرەنسا لێرە بەشدارن. پەیمانگی فەرەنسی لە هەولێر کە چالاکی کولتووری و مۆسیقی و ڤێستیڤاڵی سینەمایی و خولی فێربوونی زمانی فەرەنسی، کوردی، عەرەبی ڕێک دەخات، لەگەڵ پەیمانگای فەرەنسی بۆ ڕۆژهەڵاتی نزیک نووسینگەکەی لەسەر قەڵای هەولێرە تایبەتە بە زانستە مرۆییەکان، بەتایبەت زانستەکانی شوێنەوارناسی، لێکۆڵینەوە لە بواری شوێنەوارناسی.
یان برێم ڕاشیگەیاند "سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمە پرسێکی تایبەت بە کورد خۆیەتی، ئەوان دەتوانن کەی و چۆن ئەم کابینە نوێیەی پێکبهێنێت."
دەشڵێت: ئێمە هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ هەڵبژاردندا بووین، کە بە خۆشحاڵییەوە هەڵبژاردن کراو ڕووداوێکی سیاسی گەورە بوو بە بەشداریی خەڵکی هەرێمی کوردستان، کە چوونە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگی خۆیان بە ئازادانە دا. هەروەک سەرۆک بارزانی ئاماژەی پێ دا، باشترین ڕێگا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییەکان، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی تەحەدای ئابووریی، تاکوو لە ڕووی خۆشگوزەرانییەوە خەڵکی داهاتی هەبێت، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاری ئەمنیی و سیاسی، باشترین ڕێگا پێکهێنانی کابینەیەکی نوێیە تاکوو ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات.