ئەردۆغان: پرۆسەی ئاشتی بە ئەنجام دەگەیەنین

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەپەرلەمانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند: سبەی لەگەڵ شاندی دەم پارتی کۆ دەبمەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ـی نیسانی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، گوتی: ئێمە پرسگەلێکمان هەیە، کە گرنگیی زۆریان بۆ ئایندەی وڵاتەکەمان هەیە، لەوانەش ئامانجی "تورکیایەکی بێتیرۆر" وەک هاوپەیمانیی کۆماری، پرۆسەی ئاشتی بە ئەنجام دەگەیەنین، کە بە وردبینییەکی زۆرەوە بەڕێوەی دەبەین، بە شێوەیەک ببێتە مایەی خێر بۆ وڵاتەکەمان."

گوتیشی: سبەینێ پێشوازیی لە شاندی دەم پارتی دەکەین و لەگەڵیان کۆ دەبینەوە، هاوکات ئیرادەی خۆمان بۆ گەیشتن بە ئامانجی "تورکیایەکی بێتیرۆر" دووپات دەکەینەوە.

دەشڵێت: ئێمە بەردەوام دەبین لە بوژاندنەوە و بنیاتنانەوەی وڵاتەکەمان و ناوچەکەمان، لەگەڵ برا کورد و عەرەب و عەلەوی و سوننەکانمان هەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە بۆ چاندنی ئاشتیی لە خاکی وڵاتەکەمان.”

ڕۆژی دووشەممە، 7ـی نیسانی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی لەگەڵ دەستەی کارگێڕی پارتەکەی کۆ بووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لەو ناڕەزایەتیانە کرا، کە دوای دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لە کار لادراوی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ دەستی پێ کردووە، هەروەها باس بانگەوازەکانی جەهەپە سەبارەت بە بایکۆتکردنی کاڵای تورکی و دانوستانە پلان بۆ داڕێژراوەکان لەگەڵ دەم پارتی و هەروەها تاوتوێی ئابووری، سیاسەتی دەرەوە و کارەکانی پەرلەمان، کرا.

 یەکێک لە تەوەرە دیارەکانی کۆبوونەوەکە، هەوڵەکانی حکوومەت بۆ ئامانجی "تورکیایەکی بێتیرۆر" دەبێت، لەو چوارچێوەیەشدا، بڕیارە سبەینێ، 10ـی نیسان، ئەردۆغان پێشوازیی لە شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی بکات.