ڕووسیا: گفتوگۆی ئاشتی بە هەڕەشە و هێرشکردنە سەر تاران نابێت

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، بە هەڕەشە و هێرشکردنە سەر تاران گفتوگۆی ئاشتیانە ناکرێت، هاوکات لەبارەی بڕیارەکەی ترەمپ بۆ سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر وڵاتان گوتیشی، بڕیارەکە لە دژی یاسای ڕێکخراوی بازرگانییە.
چوارشەممە 9ی نیسانی 2025، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، هێرش کردنە سەر ئێران ڕێگایەک نییە، بەرەو گفتوگۆیەکی ئاشتیانەت ببات.
گوتیشی: مۆسکۆ بەو هیوایەیە گفتوگۆیەکانی ئەمەریکا و ئێران، قەیرانەکان چارە بکات.
هەروەها جەختیشی کردووە، جیهان لە هەڕەشە بەردەوامەکانی سەر ئێران ماندوو بووە، بۆیە ڕووسیا پشتگیری دانوستانی ئێران و ئەمەریکا لە بارەی پرۆگرامی ئەتۆمی تاران دەکات.
هاوکات گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە بارەی باجە گومرگییەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بڕیاری واشنتن لەبارەی زیاد کردنی باجە گومرگییەکانی ئەم دواییە پێشێلکارییە لە بەرانبەر یاسایی ڕێکخراوی بازرگانی، ئەمە وا نیشان دەدات، چیتر ئەمەریکا پابەندی یاسا بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان نابێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو شەممەی داهاتوو لەسەر ئاستی باڵا، کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ تاران دەبێت، عەباس عراقچیش، وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە، کۆبوونەوەکە لە عومان دەبێت، بەڵام ئێمە دەمانەوێت ئەو کۆبوونەوەیە بە ناڕاستەوخۆی بێت.