بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکانی ناسرییە، بەکۆمەڵ دەستیان لە کار کێشایەوە

چوارشەممە، 9ـی نیسانی 2025، سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردەوە، زیاتر لە 60 بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان لە پارێزگای زیقار بەکۆمەڵ دەستیان لە کار کێشاوەتەوە، وەک ناڕەزایەتییەک بەرانبەر بەو پێشێلکاریانەی کە لەدوای خۆپیشاندانەکان دژیان کراوە.
ئەو سەرچاوە بەمیدیای ناوخۆی ڕاگەیاندووە "زیاتر لە 60 بەڕێوەبەری قوتابخانە لە پارێزگای زیقار دەستیان لە پۆستەکانیان کێشاوەتەوە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە هێرشکردنە سەر خۆیان و هاوکارەکانیان."
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد "مامۆستایان داوایان کردووە وەزارەتی پەروەردە هەڵوێستێکی ڕوونیان هەبێت، سەبارەت بەو پێشێلکارییانەی دوێنێ لە کاتی خۆپیشاندانەکانیاندا لە ناسریە بەرامبەریان کراوە، کە بە گازی فرمێسکڕێژ ڕووبەڕوویان بوونەوە، هاوکات چەندین فەرمانبەر و مامۆستا بریندار بوون."
دوێنێ سێشەممە، سەدان مامۆستا و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە لە پارێزگا جیاجیاکانی عێراق خۆپیشاندانیان کرد و داوای زیادکردنی مووچەکانیان و پێدانی زەویان دەکرد.
هێزەکانی پۆلیس گازی فرمێسکڕێژ و بۆمبای دووکەڵیان دژی خۆپیشاندەران بەکارهێنا ولە ئەنجامدا گرژی و پێکدادان دروست بوو.