ئەمەریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند

ئەمەریکا پێنج دامەزراوە و کەسایەتییەکی بە تۆمەتی هاوکاریی و چاودێریی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران سزا دا.

دوو ڕۆژ دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا نیازی خۆی بۆ ئەنجامدانی دانووستان لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا پێنج دامەزراوە و کەسایەتییەکی بە تۆمەتی هاوکاریی و چاودێریی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران، سزا دا.

چوارشەممە 9ـی نیسانی 2025، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، گوتی: هەوڵە بێباکانەکانی ئێران بۆ دەستخستنی چەکی ئەتۆمی، هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئەمەریکا، سەقامگیریی جیهان و ناوچەکە.

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوە کرد، ئەوانەی سزا دراون کاریان بۆ ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران و کۆمپانیای تەکنۆلۆجیای سەنتەرفیوجی ئەو وڵاتە کردووە.

دووپاتیشی کردەوە، هەموو ئامراز و دەسەڵاتێکی خۆیان بۆ تێکدانی هەوڵەکانی ئێران بۆ دەستخستنی چەکی ئەتۆمی و جێبەجێکردنی ئەجێندای تێکدەرانەیان، بەکار دەهێنن.

هەوڵەکان بۆ چارەکردنی ناکۆکیی لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران زیاتر لە 20 ساڵە درێژەی هەیە و تا ئێستا بێ ئەنجام بووە، وڵاتانی ڕۆژئاوا پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران بە هەڕەشە بۆ سەر خۆیان و جیهان دەزانن.

ترەمپ، لە ماوەی یەکەم خولی سەرۆکایەتیی خۆیدا لە ساڵی 2017 لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015ـی نێوان ئێران و شەش زلهێزی جیهان کشایەوە.

بەرپرسێکی باڵای ئێران، بە مێدیای وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە "ترەمپ خوازیاری ڕێککەوتنێکی نوێیە، ئەویش کۆتاییهێنان بە هەژموونی ئێران لە ناوچەکە، هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و ڕاگرتنی چالاکییە مووشەکییەکانیەتی، ئەمانەش شتگەلێکن کە تاران قبووڵی ناکات و کەس ناتوانێت بەرنامە ئەتۆمییەکەمان هەڵبوەشێنێتەوە."

هەروەها ئێران هۆشدارییەکانی ترەمپی سەبارەت بە کردەوەی سەربازی ڕەت کردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە "هەڕەشەکان نایترسێنێت."

 
Fly Erbil Advertisment