تەندروستیی سۆران: زۆری نەماوە نەخۆشخانەی سیدەکان تەواو بکرێت

زۆری نەماوە هاووڵاتییانی سیدەکان بحەسێنەوە و نەخۆشخانەکەیان تەواو بکرێت و چیتر پێویست ناکات سەردانی نەخۆشخانەی سۆران بکەن
چوارشەممە، 9ـی نیسانی 2025،  کامەران مەلا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە ٪95 ی کارەکانی نەخۆشخانەی 25 قەروێلەیی سیدەکان تەواو کراون، لە ئایندەیەکی نزیکدا قۆناغی دابینکردنی کەلوپەل دەست پێ دەکات.
گوتیشی: دەبێتە یەکەم نەخۆشخانە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکاندا بەم شێوە فراوانە خزمتگوزاریی پێشکەش بکات، بەشەکانی فریاکەوتن و نەشتەرگەریی گشتیی و لەدایکبوون و ڕاوێژکاریی پزیشکی و تاقیگەیەکی سەردەمیانەی تێدایە.
نەخۆشخانەی گشتیی سیدەکان، لە کابینەکانی ڕابردوو بەردی بناغەی داندرابوو، بەڵام بەهۆی شەڕی داعشەوە کارەکانی وەستا و لەکابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی تەواوکردنی درا. بە تەواوبوونی قەرەباڵغییەکی زۆر لەسەر نەخۆشخانەی سۆران کەم دەکاتەوە و هاوکارییەکی باشی هاووڵاتییانی ناوچە سنوورییەکان دەکات.
شارۆچکەی سیدەکان، سەر بە ئیدارەى سەربەخۆى سۆرانە، دەکەوێتە 144کیلۆمەتری بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر و هاوسنووری ئێرانە.

 
Fly Erbil Advertisment