ئەمەریکا  10 ھەزار سەرباز لە ئەورووپا دەکشێنێتەوە

هەوڵی ئەمەریکا بۆ کشانەوەی 10 هەزار سەرباز لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا، وڵاتانی ئەورووپایی نیگەران کردووە.

چوارشەممە 9ـی نیسانی 2025، کەناڵی ئێن بی سی نیوز ڕایگەیاند: ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت 10 ھەزار سەربازی خۆی لە ڕۆژھەڵاتی ئەورووپا بکشێنێتەوە، ئەم ھەوڵەی سەرۆکی ئەمەریکا ھێندەی دیکە وڵاتانی ئەووروپایی نیگەران کردووە و ترسی ئەوەیان ھەیە ببێتەی ھۆی زیاتر بوونی ھەڕەشەکانی ڕووسیا.

چەند بەرپرسێکی ئەوروپی دەڵێن: ئیدارەی ترەمپ ئەو بابەتەی لەگەڵیاندا باس کردووە و زۆربەی ئەو سەربازانەش لە پۆڵەندا و ڕۆمانیا دەکشێنێتەوە. 

کشانەوەی ئەو ژمارە سەربازە ئەمەریکاییانە لە کاتێکدایە ساڵی 2022 جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا 20 ھەزار سەربازی ڕەوانەی ئەورووپا و بەرەی ڕۆژھەڵاتی ناتۆ کرد.

ئەمەریکا 100 ھەزار سەربازی لە ئەوروپا ھەن، لەو ژمارەیە 65 ھەزاریان جێگیرن و ئەوانی دیکەش ناوبەناو جێگۆڕکێیان پێ دەکرێت. 

چوارشەممە 2ـی نیسانی 2025، مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ، ڕایگەیاند: دۆناڵد ترەمپ پشت لە ئەندامانی هاوپەیمانییەکە ناکات و هێزەکانیان لە ئەورووپا و لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی ناتۆ دەمێننەوە.