ترەمپ باجی گومرگی لەسەر چین بۆ 125% بەرز کردەوە

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند: باجی گومرگی لەسەر چین بۆ 125% زیاد دەکەین و ئەم بڕیارە دەستبەجێ دەچیتە واری جێبەجێکردنەوە.
چوارشەممە 9ـی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵاتی تروس، بڵاوی کردەوە، لەبەرئەوەی چین ڕێز لە بازاڕە جیهانییەکان ناگرێت، لێرەوە ئەو باجە گومرگییە زیاد دەکەم کە لەلایەن ئەمەریکاوە بەسەر چیندا سەپێنراوە لە 104%ـەوە بۆ 125%، کە دەستبەجێ کاریگەر دەبێت.
هاوکات، ترەمپ هیوادارە لە داهاتوویەکی نزیکدا چین درک بەوە بکات کە ڕۆژانی دادۆشینی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە کۆتایی پێ هاتووە.
سەرۆکی ئەمەریکا ڕوونی کردەوە، ئەم بڕیاری زیادکردنی باجی گومرگییە دەستبەجێ دەچێتە واری جێبەجێ کردنەوە. گوتیشی: زیاتر لە 75 وڵات پەیوەندییان بە نوێنەرانی ئەمەریکاوە کردووە، بۆ دانووستان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگە بازرگانییەکان، گومرگی و دەستکاریکردنی دراو.
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، هەر وەڵاتێک کاردانەوەیان نەبێت لە بەرانبەر باجە گومرگییەکانی ئەمەریکا، ئەوا باجی گومرگییان تا 90 ڕۆژ لەسەر هەڵدەگرین.
ترەمپ، دوێنێ بڕیاری دا باجی گومرگی بە ڕێژەی 104% بەسەر چیندا بسەپێنێت، لە بەرانبەردا چین بڕیاری دا باجی گومرگی بە رێژەی 84% بەسەر ئەمەریکا بسەپێنێت.
ترەمپ لە بەرانبەر سەپاندنی باجە گومرگییەکان بەسەر وڵاتان، دەڵێت: ئامانجمان لەو کارە نەهێشتنی کورتهێنانی بازرگانیی ئەمەریکایە لەگەڵ زۆرێک لەو وڵاتانەی کە دەیان ساڵە سیستەمی بازرگانیی جیهانیان هەژاندووە.