فیدان: پێویسته حکوومەتی عێراق پرسی شنگال خێرا چارە بکات

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت: چاوەڕێ دەکەین پەکەکە وەڵامی بانگەوازەکەی ئۆجەلان بداتەوە، بەڵام ئەگەری هەیە بەهۆی دەستوەردانی دەرەکی، پەکەکە وەڵامی ئەو بانگەوازە نەداتەوە.
چوارشەممە 9ـی نیسانی 2025، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لەمیانی چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا، گوتی: دەبێت حکوومەتی سووریا خۆی پرسی یەپەگه چارە بکات، بەڵام نابێت درێژخایەن بێت.
فیدان دەڵێت: ئەمەریکا له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرقاڵی پرسی گەورەیه و پەکەکه کاری لە پێشینەی نییه. گوتیشی: چاوەڕێ دەکەین پەکەکه وەڵامی بانگەوازەکەی ئۆجەلان بداتەوه.
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر هەیه بەهۆی دەستوەردانی دەرەکی، پەکەکه وەڵامی بانگەوازەکەی ئۆجەلان نەداتەوه.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، لەبارەی شنگالەوە، گوتی: پێویسته حکوومەتی عیراق پرسی شنگال زووتر چارە بکات.
"نامانەوێت لەگەڵ هیچ وڵاتێک لە سووریا بکەوینە ململانێوە"
هاکان فیدان، لە درێژەی قسەکانیدا، ئاماژەی بەوە کرد، تورکیا گفتوگۆی تەکنیکی لەگەڵ ئیسرائیل دەکات بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێو سووریا. ئەوەشی خستە ڕوو، ئێمە نامانەوێت لەگەڵ هیچ وڵاتێک لە سووریا بکەوینە ململانێوە، نەک تەنیا ئیسرائیل.
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، زۆر گرنگە ڕێگە بدەین سووریا سیاسەتی بەرگریی خۆی و سیاسەتی دەرەوەی خۆی و کاروباری ناوچەیی خۆی دابڕێژێت.
لەبارەی ئیسرائیلەوە، فیدان دەڵێت: ئۆپەراسیۆنەکانی ئێستای ئیسرائیل لە سووریا خزمەت بە ئاسایشیی سووریا و خۆی ناکات، بەڵکو دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.