حکوومەتی نوێی ئەڵمانیا پێک دەهێنرێت

پارتی کریستیان دیموکرات و پارتی سۆشیاڵ دیموکرات لە سەر پێکهێنانی حکوومەت ڕێککەوتن و وەزارەتەکانیان لە نێوان خۆیاندا دابەش کردووە.

دوای شەش هەفتە لە گفتوگۆی پارتە براوەکانی پەرلەمانی ئەڵمانیا، پارتی کریستیان دیموکرات و پارتی سۆشیاڵ دیموکرات لە سەر پێکهێنانی حکوومەت ڕێککەوتن و وەزارەتەکانیان لە نێوان خۆیاندا دابەش کردووە، بەرنامەیەکی هاوبەشیان بۆ حکوومەتی داهاتوو پەسەند کرد.

بەرنامەی حکوومەتەکە جەخت لە گۆڕینی سیاسەتی کۆچبەری و پەنابەری دەکاتەوەو گۆڕانکاری لە پێدانی هاوکاری بێکاری دەکات و وەرگرتنی هاوکارییەکە قورستر دەکات. هەروەها لە بەرنامەی هاوپەیمانی پێکهێنەری حکوومەتدا هاتووە، ڕیفۆرم لە سیاسەتی کۆچبەری و پەنابەری، ئابووری و بەرگری وڵات دەکرێت. 

بە گوێرەی ناوەڕۆکی بەرنامەی حکوومەتی داهاتووی ئەڵمانیا، ئەو کەسانەی خاوەنی مافی مانەوەی کاتین ناتوانن هاوسەر و منداڵەکانیان بهێننە ئەڵمانیا، تەنیا لە حاڵەتی زۆر تایبەت نەبێت. حکوومەتی پێشوو ڕێکارەکانی وەرگرتنی وەڵاتینامەی ئەڵمانیای ئاسان کردبوو، لە هەشت ساڵ چاوەڕێکردن بۆ پێنج ساڵ کەمی کردبوو، بەڵام حکوومەتی نوێ ئەو بڕیارەی پێشوو هەڵدەوەشێنێتەوە و وەڵاتینامەی ئەڵمانیا قورستر دەکات

هەروەها بەشی زۆری پرۆگرامەکانی ئەڵمانیا بۆ وەرگرتنی پەنابەری یاسایی ڕادەگیرێن. هاوپەیمانی حکوومەت لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە مەرجەکانی پێدانی هاوکاری بێکاری توندتر بکرێت و ئەو کەسانەی توانای ئیشیان هەیەو نایانەوێت ئیش بکەن هاوکاریەکەیان پێنادرێت. 

سەرەڕای هەڕەشەکانی ڕووسیا، حکوومەتی داهاتووی ئەڵمانیا خزمەتی سەربازی ناچاری ناسەپێنێت لە بەرانبەردا ڕیفۆرم لەو کەرتەدا دەکات، بە شێوەیەک خزمەتی سەربازی ببێتە جێی سەرنجی ژن و پیاوانی وڵات و خۆیان پەیوەندی بە هێزی سەربازی ئەڵمانیەوە بکەن بۆ دەستپێکردنی خزمەتی سەربازی، هاوکات بودجەو خەرجییەکانی بەرگری و کەرتی سەربازی زیاد دەکرێن، بەڵام زیادکردنەکە پەیوەست دەبێت بە ڕێککەوتنی ئەندامانی ناتۆ بۆ بەرزکردنەوەی بودجەی خەرجی بەرگری وڵاتانی ئەندام.  

لە 23ـی شوباتی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، پارتی کریستیان دیموکرات براوەی یەکەم بوو 28% دەنگەکانی بەدەستهێنا، ڕاستڕەوەکان بە ڕێژەی 20% بوونە هێزی دووەم و سۆشیال دیموکراتەکان بە ڕێژەی 16% بوونە هێزی سێیەم و سەوزەکان بە ڕێژەی 11% بوونە هێزی چوارەم. کریستیان دیموکراتەکان و سۆشیال دیموکراتەکان پێکەوە لە سەر هاوپەیمانێتیکی حکوWمی ڕێککەوتوون و ڕاستڕەوەکان و سەوزو چەپەکانیش دەبنە ئۆپۆزسیۆن.