هێزەکانی عێراق گەمارۆی گوندێکی نزیک بەغدا دەدەن
دانیشتووانی گوندەکە ئامادە نین ماڵەکانیان بۆ پرۆژەیەکی وەبەرهێنان چۆڵ بکەن

بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی وەبەرهێنان، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، 9ـی نیسان 2025ـەوە هەڵیان کوتاوەتە سەر گوندێکی نزیک ناوچەی عامرییەی بەغدا و گوندەکەیان گەمارۆداوە، بۆ ئەوەی هەرچی زووە دانیشتووانەکەی چۆڵی بکەن.
بە گوێرەی زانیاریی سەرچاوە هەواڵییەکانی ناوخۆی عێراق، گوندەکە دەکەوێتە نزیک ناوچەی عامرییەی ڕۆژئاوای بەغدا، لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بڕیاری چۆڵکردنی بۆ دەرکراوە بۆ ئەوەی ڕادەستی وەبەرهێنەران بکرێت و پرۆژەیەکی کەرتی تایبەتی تێدا جێبەجێ بکرێت.
دانیشتووانی گوندەکە، دژی بڕیارەکەی حکوومەت وەستاونەتەوە و ئامادە نەبوونە گوندەکە چۆڵ بکەن، بەهۆیەوە توندتیژی و ئاڵۆزی دروست بووە و هێزە ئەمنییەکان گوندەکەیان گەمارۆ داوە.
هەر بە گوێرەی زانیارییەکان، هێزە فەرمییەکە تەزووی کارەبایان لەسەر دانیشتووانی گوندەکە بڕیوە و دەستڕێژی ئاسمانیان کردووە، بەڵام تاوەکوو ئێستا وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی حکوومەتی عێراق هیچ لێدوانێک فەرمیان لەم بارەوە بڵاو نەکردووەتەوە.
هەرچەندە ناوی گوندەکە بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام سەرچاوەکانی هەواڵی ناوخۆی عێراق ئاماژەیان داوە، نزیکەی 150 خێزان لە دوای ساڵی 2003ـەوە لەو گوندە نیشتەجێن، کە دەکەوێتە نێو سنووری شارەوانی عامرییە، بەڵام مافی خاوەندارێتییەکەی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دەگەڕێتەوە.
ناوەڕاستی ساڵی ڕابردووش ژمارەیەک وەبەرهێنەری سەر بە حزبە باڵادەستەکانی عێراق بە پشتیوانیی هێزێکی زۆری ئەمنی چوونە سەر گوندەکە و داوای چۆڵکردنیان کردووە، گوایە لە شوێنی گوندەکە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوونی شوققە جێبەجێ دەکەن، بەڵام دانیشتووانی گوندەکە ڕەتیان کردووەتەوە و چۆڵی بکەن.