تورکیا و ئیسرائیل بۆ دوورکەوتنەوە لە ڕووبەڕووبوونەوە لە سووریا، گفتوگۆ دەکەن
سەرچاوەکانی تورکیا و ئیسرائیل ڕایانگەیاند، گفتوگۆی تەکنیکی لە نێوان ئەفسەرانی هەردوو وڵات دەستی پێ کردووە بۆ دانانی میکانزمێک بۆ دوور کەوتنەوە لە ململانێی نێوانیان لەسەر خاکی سووریا.
پێگەی ئەکسیۆس، لەسەر زاری بەرپرسێکی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، کە ئەفسەرانی ئیسرائیل و تورکیا باسیان لە دامەزراندنی میکانزمێک کردووە بۆ جیاکردنەوەی سوپای هەردوو وڵات لە سووریا.
هەروەها کەناڵی 12ی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە بڵاوی کردەوە، ئێستە پەیوەندیی نێوان ئیسرائیل و تورکیا سەبارەت بە گرژییەکانی سەر خاکی سووریا لە ئارادایە. ئاماژەی بەوەش کرد، میکانیزمێکی هەماهەنگی لەنێوان ئیسرائیل و تورکیادا دادەمەزرێت، هاوشێوەی ئەو میکانیزمەی کە ڕووسیا لەماوەی بوونی خۆیدا لە سووریا داینابوو.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی کەناڵی 12، ئیسرائیل پێداگریی دەکات لەسەر ئەوەی باشووری سووریا بکاتە ناوچەیەکی داماڵراوی سەربازیی، لەنێویاندا ڕێگری لە هەر جۆرە ئامادەبوونێکی سەربازیی تورکیا لەو ناوچەیە.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بوونی ئەو پەیوەندیانە ئاشکرا دەکات و جەختی لەوە کردەوە گفتوگۆکان تەنها لە چوارچێوەیەکی تەکنیکیدان. فیدان ڕاشیگەیاند "دەتوانرێت میکانیزمێکی ناکۆکی لەگەڵ ئیسرائیل دابنرێت، کە هۆی پچڕانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل شەڕی غەززەیە."
لە هەمان کاتدا فیدان جەختی لەسەر پێویستی کۆتاییهێنان بە داگیرکارییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سووریا و وازهێنان لە بۆمبارانی ژێرخانی سووریا، کردەوە.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لێدوانێکی دا و داوای لە ئیسرائیلییەکان کرد بە عەقڵانی مامەڵە بکەن بۆ چارەکردنی هەر کێشەیەک لەگەڵ تورکیا.
لە بەرامبەردا ئاژانسی ئانادۆڵوی تورکیا ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، لە زاری فیدانەوە بڵاویکردەوە، ئەمەریکا دەبێت ناتانیاهۆ ڕێکبخاتەوە و سنوورێکی بۆ دانێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لەوە کردەوە، ناسەقامگیری لە وڵاتێکی دراوسێدا کاریگەری لەسەر تورکیا دەبێت و زیانی پێدەگەیەنێت، هۆشداریشیدا لەوەی ئەنقەرە ناتوانێت لە بەرامبەر ئەم کارەدا بێدەنگ بێت.
ئاژانسی فرانس پرێس هەروەها لە زاری فیدانەوە ئامادەیی تورکیای دەربڕیوە بۆ ئەوەی لە ئەگەری ڕێککەوتنێکی سەربازیی لەگەڵ ئیسرائیل لە سووریادا بکرێت و پشتیوانی لە سووریا بکات.