تامی بروس بۆ کوردستان24: زۆر گرنگە عێراق بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان ڕازی بێت

تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لێدوانێکدا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان ڕاگەیاند و گوتی: زۆر گرنگە عێراق ڕازی بێت بۆ ئەوەی هەرچی زووە پرۆسەکە دەست پێ بکاتەوە.
تامی بروس تایبەت بە کوردستانی24 گوتی: "زۆر گرنگە حکوومەتی فیدراڵی عێراق و هەموو کۆمپانیا و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێککەون بۆ ئەوەی دەست بە کاراکردنەوەی بۆری هەناردەی نەوت لە عێراقەوە بۆ تورکیا، بکرێت."
ئەم لێدوانەی بروس لە کاتێکدایە، یەکێتیی پیشەسازیی نەوتی کوردستان گلەیی هەیە لەوەی بەغدا تاکلایەنە لە مەرجەکانی گرێبەستی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان پاشگەز بووەتەوە.
هەر لە لێدوانەکەیدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە، پێویستە حکوومەتی عێراق ڕێز لە مەرجەکانی گرێبەستەکانی کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان بگرێت.
ڕاشیگەیاند، ئەمەریکا بەدواداچوون بۆ کێشەکە دەکات و دواتر وەڵامی دەداتەوە. بروس گوتیشی: "ئەمەریکا ئامادەیە دەرفەتی بازرگانی لەگەڵ عێراق پەرە پێ بدات، ئەگەر هەموو لایەنەکان بە خێرایی هەنگاو بنێن بۆ چارەکردنی کێشەکە و دەستبەجێ کردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە بەردەوامیی ئابووریی وزەی هەرێمی کوردستان و سوود بەو کۆمپانیا ئەمەریکانەش دەگەیەنێت کە لەوێ کار دەکەن."