لە بەرلین ئۆتۆمبێلێک 7 کەس دەکات بە ژێرەوە
شوفێرەكە دەستگیر كرا

K24 - بەرلین
لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا ئۆتۆمبێلێك خۆی كێشا بەناو خەڵكدا و بەوھۆیەوە 7 كەس برینداربوون.
پەیامنێری كوردستان24 لە بەرلین رایگەیاند: "بەیانی ئەمڕۆ شوفێری ئۆتۆمبێلێک لە شاری بەرلین كۆنترۆڵی لەدەستدا و خۆی كێشا بەناو خەڵكدا، لە ئەنجامدا 7 كەس برینداربوون، برینی سێ كەسیان سەختە".
پۆلیسی بەرلین رایگەیاندووە، کە ئۆتۆمبێلەکە خێرایی زۆربووەو شوفێرەکە کۆنتڕۆڵی لە دەستداوەو لە سەر شۆستەی شەقامەکە خۆی کردووە بەناو گرووپێکی خەڵکداو حەوت کەسی کردووە بە ژێرەوە.
هێزەکانی پۆلیس لە شوێنی رووداوەکەدا شوفێرەکەیان دەستگیر کردووەو لێکۆڵینەوە لەبارەی هۆکاری رووداوەکە بەردەوامە. تائێستا هیچ ئاماژەیەک نییە کە رووداوێکی تیرۆریستی بێت.


