گفتوگۆکانی پرۆسەی ئاشتی لە کۆشکی سەرۆکایەتیی تورکیا دەستی پێ کرد
شاندی دەم پارتی و ئەردۆغان لە کۆبوونەوەدان و پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان تاوتوێ دەکەن.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی نیسان 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) پێشوازیی لە شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کرد و ئێستە لە کۆبوونەوەدان.
شاندی دەم پارتی لە سڕری سوورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی پێک هاتووە. تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەش، پرۆسەی نوێی ئاشتییە لە تورکیا و باکووری کوردستان،
پێش کۆبوونەوەکە، سڕری سوورەیا ئۆندەر، لە کۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ناتوانن بڵێن، کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئەردۆغان "مێژوویی دەبێت، چونکە ئەمە پەیوەستە بە ئیرادەی گەلەوە."
ئەردۆغانیش پێشتر لەبارەی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاندووە، لەگەڵ شاندی دەم پارتی، تاوتوێی پرۆسەی "تورکیای دوور لە تیرۆر" دەکەن. ئەوەشی خستە ڕوو، ئیرادەی خۆیان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەیان دووپات دەکەنەوە.
بە گوێرەی زانیاریی میدیاکانی تورکیا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان، شاندی دەم پارتی سەردانی دوورگەی ئیمراڵی دەکەنەوە و بۆ چوارەمین جار چاویان بە عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکەوێتەوە.
میدیاکانی تورکیا ئاماژەیان بەوەش کردووە، چاوەڕێ دەکرێت ئۆجەلان جارێکی دیکە لە پەیامێکدا جەخت لە چەک دانان بکاتەوە و دوای ئەو پەیامەش، پەکەکە لەم مانگەدا کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی دەبەستێت.