حەوت سوودی خواردنەوەی سرکەی سێو ئاشکرا دەکرێت
چاودێرانی تەندروستی، سوودە تەندروستییەکانی سرکەی سێو ئاشکرا دەکەن، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی بەدەست کێشەی هەرسکردن و شەکرەوە گیرۆدەن.
ماڵپەڕی 'Health' بڵاوی کردەوە، سرکەی سێو یارمەتی خەوتن دەدات، هەروەها پێش خەوتن بخورێت باشترین سوودی تەندروستی دەبێت.
بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، خواردنەوەی سرکەی سێو پێش نوستن چەند سوودێکی هەیە، لەوانە:
-یارمەتی ڕێکخستنی شەکری خوێن دەدات
پاراستنی ئاستی جێگیریی شەکری خوێن بۆ تەندروستی گشتی زۆر گرنگە، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی جۆری دووەمی شەکرەیان هەیە.
- کۆلیسترۆڵ بە گشتی دادەبەزێنێت
بەپێی توێژینەوەیەک ئەوە ئاشکرا کراوە، سرکەی سێو ڕەنگە یارمەتی دابەزاندنی کۆی کۆلیسترۆڵ بدات، توێژینەوەکە دیاری نەکردووە، ئایا خواردنی سرکەی سێو لە شەودا کاریگەریی زیاترە یان کاتەکانی دیکە.
بەڵام توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەکارهێنانی بە بەردەوامی بە تێپەڕبوونی کات کلیلی سوودە تەندروستییەکانە.
-یارمەتی بەڕێوەبردنی کێش دەدات
جگە لە سوودەکانی شەکرە و کۆلیسترۆڵ، بەشداربووانی توێژینەوەیەکی ئەم دوایییانە تاقیکردنەوەیان لەسەر کراوە، بە خواردنەوەی سرکەی سێو، ئەنجامێکی سەرسوڕهێنەری هەبووە کە بەشێوەیەکی بەرچاو کێشیان کەمی کردووە.
بەشداربووان هەموو بەیانیەک بە سکی بەتاڵ سرکەی سێویان خواردووە و خواردنی سرکەی سێو لە هەر کاتێکدا بە سەلامەت دادەنرێت.
-سرکەی سێو ئارەزووی خواردنی شەوانە کەم دەکاتەوە
هەر لەو توێژینەوەی ئاماژەی پێ کراوە، خواردنەوەی سرکەى سێو پێش ژەمەکان یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەى ئارەزووى خواردن و زیادکردنى هەستکردن بە تێربوون.
-پاڵپشتی تەندروستیی ڕیخۆڵە دەکات
لە توێژینەوەکەدا باس لەوەش کراوە، خواردنەوەی سرکەی سێو دوای نانخواردنی ئێوارە یان پێش خەوتن یارمەتیدەر دەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی ترشی چەورییە سوودبەخشەکان کە ئەمەش پشتگیری تەندروستی ڕیخۆڵە دەکات.
-تایبەتمەندی دژە بەکتریای هەیە
هەر لەهەمان توێژینەوەدا هاتووە، سرکەی سێو یارمەتی وەستاندنی گەشەی دوو جۆر بەکتریا زیانبەخشەکانی داوە، ئەنجامەکانیش هیوابەخش بوون
-یارمەتیدەرە بۆ چارەسەرکردنی دڵەکزێ
هەندێک دەڵێن سرکەی سێو دەتوانێت یارمەتی کەمکردنەوەی دڵەکزێ بدات لەڕێگەی هاوسەنگکردنی ترشی گەدە و پشتگیریکردنی بەکتریا سودبەخشەکان لە ڕیخۆڵەدا. بەڵام هیچ بەڵگەیەکی زانستی نییە لەسەر کاریگەرییەکەی لە چارەسەرکردنی دڵەکزێ. بە پێچەوانەوە لەوانەیە دڵەکزێ لە هەندێک کەسدا زیاتر بکات.
چۆن پێش خەوتن سرکەی سێو بخۆین؟
یەک یان دوو کەوچک سرکەی سێو لەگەڵ پەرداخێک ئاو تێکەڵ بکە و دوو بۆ سێ کاتژمێر پێش خەوتن بیخۆرەوە، خواردنەوەی چەند کاتژمێرێک پێش خەوتن لەوانەیە یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری گەڕانەوەی ترشەڵۆک کە دەبێتە هۆی تێکدانی خەو.