تورکیا و ئیسرائیل لە ئازەربایجان لە بارەی سووریا گفتوگۆی تەکنیکیان کرد

وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، یەکەمین کۆبوونەوەی تەکنیکی نێوان تورکیا و ئیسرائیل لە ئازەربایجان بەڕێوە چوو بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمەکان بۆ دوورکەوتنەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان هێزەکانی هەردوو وڵات، لە سووریا.

زەکی ئەکتورک، گوتەبێژی نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی نیسانی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لەسەر پێویستیی ڕاگرتنی دەستبەجێی ئیسرائیل لە هێرشە چڕەکانی کرد، ئامانج لێی تێکدانی یەکپارچەیی خاکی سووریا و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی سووریایە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ ئەوەی ئیسرائیل ئاسایشی ناوچەکە دابین بکات، دەبێت دەستبەرداری ڕەفتاری فراوانخوازانە و داگیرکەرانەی خۆی بێت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەبێت بەرپرسیارێتی ڕێگریکردن لەم ڕەفتارە نایاساییە لە ئەستۆ بگرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، پابەندبوونی تورکیای دووپات کردەوە بۆ پشتیوانیی لە یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەقامگیریی سووریا، ئاماژەی بە بەردەوامیی هاوکارییەکانی لەگەڵ حکوومەتی سووریا بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی بەرگریی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کرد. ڕوونیشی کردەوە، هەموو کارەکانی تورکیا بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێککەوتنە دووقۆڵییەکان دەکرێن، بەبێ ئەوەی زیان بە لایەنی سێیەم بگەیەنرێت.

ئەم پێشهاتانە، دوای ئەوە دێت کە ئیسرائیل چەند بنکەیەکی سەربازیی لە ناو خاکی سووریادا جێگیر کرد، ئەمەش وەک پەیامێک بەرانبەر هەوڵەکانی تورکیا بۆ دامەزراندنی بنکەی سەربازیی لە سووریا، پێناسە کرا.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment