دوای داوای ڕاگرتنی شەڕ، بڕیارێک دژی هەزار سەربازی ئیسرائیلی دەدرێت
ئییال زامیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، ڕەزامەندی لەسەر سڕکردنی سەربازە یەدەگەکانی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل دا، کە نامەیەکی ناڕەزایەتییان ئیمزا کردووە و داوای کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززەیان کردووە.
دەستەی پەخشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، تومەر بار، فەرماندەی هێزەکانی ئاسمانی بە پشتیوانی ئییال زامیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بڕیاری داوە "هەر کەسێک ئیمزای لەسەر نامەی ناڕەزایەتییەکە کردبێت، بەردەوام نابێت لە خزمەتکردنی سوپای ئیسرائیل و دەر دەکرێت."
دەستەی پەخشی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە "هەندێک لەو سەربازانەی ئیمزایان کۆکردبووەوە لە داواکەیان پاشگەز بوونەتەوە."
ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرونوت بڵاوی کردەوە، ئەو سەربازانە، پێشتر نامەیەکی ناڕەزایەتییان بە ئیمزای نزیکەی هەزار سەربازی یەدەگی هێزی ئاسمانی، بڵاوکردووەتەوە لە نامەکەدا نووسیویانە "لەم کاتەدا، شەڕ خزمەت بە بەرژەوەندییە سیاسی و کەسییەکان دەکات نەک ئاسایشی نەتەوەیی."
ئاماژەیان بەوەش کردووە "بەردەوامیی شەڕەکە هیچ کام لە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکان پێشناخات و دەبێتە هۆی کوشتنی بارمتەکان و سەربازانی ئیسرائیلی و هاوڵاتیانی مەدەنیی بێتاوان."
ڕۆژنامەکە باسی لەوەش کردووە، ئەو نامەیە دوای ئەوەی سەربازان لەگەڵ تومەر بار، فەرماندەی هێزی ئاسمانی و ئییال زەمیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئاسمانی کۆ بوونەتەوە، بڵاو کراوەتەوە.