ئەمەریکا و ڕووسیا دوو زیندانیان ئاڵوگۆڕ کرد

پێنجشەممە، 10ـی نیسانی 2025، ئەمەریکا و ڕووسیا دووەم پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دیلەکانیان بەنێوەندگیری ئیمارات کرد، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو زلهێزە بەرەو باشتر چووە.

کسینیا کارێلینای ڕووسی-ئەمەریکی کە لە ساڵی 2024، بە تۆمەتی "خیانەت" لە ڕووسیا سزای 12 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو، لە ئەبوزەبی، بە ئارسەر پترۆڤی ئەڵمانی-ڕووسی ئاڵوگۆڕ کرا.

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پلاتفۆرمی 'ئێکس' نووسیویەتی: "کسینیا کارێلینای سواری فڕۆکەکەی بوو بەرەو ماڵەکەی لە ئەمەریکا بەڕێ کەوت، کە ڕووسیا ماوەی ساڵێکە بەناحەق زیندانی کردبوو، هەروەها سەرۆک ترەمپ سەرکەوتوو بوو لە ئازادکردنی."

ئەمە لەکاتێکدایە هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەزگای ئاسایشی فیدراڵی ڕووسیا ئاڵوگۆڕی کسینیا پترۆڤی ڕاگەیاند، کە لە ساڵی 2023ەوە لە ڕووسیا دەستگیر کرا.

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات پیشوازیی لەو هەوڵە کرد و هیوای خواست بەشداریی لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بکات.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاوی کردەوە، جۆن ڕاتکلیف بەڕێوەبەری سی ئای ئەی و بەرپرسێکی باڵای هەواڵگریی ڕووسیا سەرکردایەتی دانوستانەکانیان کردووە بۆ ئاڵوگۆڕکردنەکە.

گوتەبێژی سی ئای ئەی بە ڕۆژنامە ئەمەریکییەکەی ڕاگەیاندووە "ئەم ئاڵوگۆڕە گرنگیی پاراستنی پەیوەندیی لەگەڵ ڕووسیا نیشان دەدات، سەرەڕای ئەو ئاستەنگە بەرچاوانەی ڕووبەڕووی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانمان دەبنەوە." ئاماژەی بەوەش کردووە "ئێمە ئەم ئاڵوگۆڕە وەک هەنگاوێکی ئەرێیی سەیر دەکەین".

ئەم ئاڵوگۆڕەی زیندانییان لە دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی دووەم جارە ڕوو دەدات، ئەمەش بەهۆی باشیی پەیوەندیی نێوان ترەمپ و پوتینە.