سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە ژمارەیەك نووسەر و ڕۆشنبیری عەرەب کرد

ژمارەیەك نووسەر و ڕۆشنبیری عەرەب ستایشی ڕۆڵی سەرۆك بارزانیان كرد لە پێشخستنی كولتووری دیالۆگ و پێكەوەژیانی سیاسی و فەرهەنگی لە هەرێمی كوردستان و عێراق.

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 10ـی نیسانی 2025 لە سەڵاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە ژمارەیەك ئەدیب و نووسەر و كەسایەتیی ڕۆشنبیری عەرەب كرد كە بە مەبەستی بەشداریی لە حەڤدەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی كتێب سەردانی هەولێریان كردووە.

بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە،  لە دیدارەکەدا شاندی میوان ستایشی ڕۆڵی سەرۆك بارزانیان كرد لە پێشخستنی كولتووری دیالۆگ و پێكەوەژیانی سیاسی و فەرهەنگی لە هەرێمی كوردستان و عێراق، هەروەها بەردەوامیی پێشانگەی ساڵانەی كتێب لە هەولێر و هەوڵەكانی فەخری كەریم و دەزگەی مەدایان لە كردنەوەی پێشانگەی كتێبیان بەرز نرخاند و ئاماژەشیان بەوەدا پێشانگەی كتێب و چالاكیی هاوشێوەی فەرهەنگی فاكتەری بەهێزن بۆ پێشخستنی كۆمەڵگە و پەیوەندیی نێوان شارستانیەتەكان و دەوڵەمەندكردنی زمان و ئەدەبی گەلانی ناوچەكە.

هەر لە دیدارەکەدا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و لە گوتەیەكدا ڕۆشنایی خستەسەر ڕۆڵی زانایان و ئەدیبانی گەورەی كورد لە خزمەتكردنی فەرهەنگ و ئەدەبی كوردی و گەلانی ناوچەكە و فەرهەنگ و ڕۆشنبیریی وەك بنەمایەكی گرنگ بۆ لێكتێگەیشتنی نێوان نەتەوە و گەلانی ناوچەكە وەسف كرد. هەروەها كورتەیەكی لە مێژووی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە بۆ شاندی میوان خستەڕوو.

 لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا ئەندامانی شاندی میوان پەیوەست بە دۆزی كورد و بارودۆخی سیاسی و گۆڕانكاری و ئەگەر و پێشهاتە تازەكانی سووریا و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆمەڵێك پرسیار و ڕا و بۆچوونیان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد و سەرۆك بارزانیش وەڵامی پرسیار و تێبینیەكانی دایەوە.

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment