گەنجینەی ئەمەریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، سزای بەسەر دوو کەسایەتی و هەشت دامەزراوەی ئێرانیدا سەپاند.
پێنجشەممە 10ـی نیسانی 2025، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ئاشکرای کرد، لە بەرانبەر هاوکاریکردنی فرۆشتنی نەوتی ئێران دوو کەسایەتی، هەشت دامەزراوە و 30 کەشتیی ئێرانی و هاوکاری تارانیان سزاداوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئەو دامەزراوانە بنکەکانیان لە هیندستان و ئیماراتە.
ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنی چوارشەممە 9ـی نیسانی 2025، وەزارەتەکە ژمارەیەک سزای دیکەی بەسەر پێنج دامەزراوە و کەسایەتییەک بە تۆمەتی هاوکاریی و چاودێریی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێراندا سەپاند.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، گوتی: هەوڵە بێباکانەکانی ئێران بۆ دەستخستنی چەکی ئەتۆمی، هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئەمەریکا، سەقامگیریی جیهان و ناوچەکە.
وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوە کرد، ئەوانەی سزا دراون کاریان بۆ ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران و کۆمپانیای تەکنۆلۆجیای سەنتەرفیوجی ئەو وڵاتە کردووە.
دووپاتیشی کردەوە، هەموو ئامراز و دەسەڵاتێکی خۆیان بۆ تێکدانی هەوڵەکانی ئێران بۆ دەستخستنی چەکی ئەتۆمی و جێبەجێکردنی ئەجێندای تێکدەرانەیان، بەکار دەهێنن.