ئەندامێکی جڤات: بزووتنەوەی گۆڕان فێڵی لە دەنگدەرانی کردووە

ئەندامێکی جڤاتی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: ڕێکخەری ئێستای بزووتنەوەکە نایاسایی و نا دەسوورییە و بزووتنەوەکە فێڵی لە دەنگدەرانی کردووە.

پێنجشەممە، 10ـی نیسانی 2025، زاگرۆس محەممەد، ئەندامی جڤاتی بزووتنەوەی گۆڕان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ڕێکخەری ئێستای بزووتنەوەی گۆڕان نەیتوانی براگەورەیی بکات، چونکە بەرپرسیاریەتێکی گەورەیە و دەبێت بیروبۆچوونە جیاوازەکان وەربگرێت، پۆستەکەی ئێستا کە وەک ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە بە وەکالەت بەڕێوەی دەبات، نادەسوورییە و نایاساییە و ناحزبییە.

زاگرۆس محەممەد گوتیشی: بزووتنەوەی گۆڕان فێڵی لە دەنگدەرانی کردووە و ناڕاستگۆ بوو بەرانبەریان، دەست لەکارکێشانەوەی درۆیان بڵاو کردەوە.

لە 18ـی ئەیلوولی 2024، کۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بە نووسراوێک و بەبێ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەسەر داوای عومەر سەید عەلی، ڕێکخەری پێشووی بزووتنەوەکە، دانا ئەحمەد مەجیدی وەک ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بە وەکالەت دەستنیشان کرد.

چوارشەممە، 9ـی نیسانی 2025، بزووتنەوەی گۆڕانی باڵی کوردسات، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، "کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، کۆنفرانسی ڕۆژی 5ـی ئەم مانگەی گۆڕانی باڵی گردی زەرگەتەی هەڵوەشاندووەتەوە".

بە گوێرەی زانیارییەکان بزووتنەوەی گۆڕانی باڵی کوردسات، کۆمیسیۆن کۆنفرانسی ڕۆژی 10ـی ئەم مانگەش کە بڕیار بوو گۆڕانی باڵی کوردسای بیبەستێت، دواخست. هەروەها کۆمیسیۆن وادەیەکی نوێی بۆ بەستنی کۆنفرانس دەستنیشان کردووە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment