ویتکۆف: بەم نزیکانە حەماس و ئیسرائیل ڕێک دەکەون

نێردەی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت: سەرۆکی ئەمەریکا کار لەسەر ڕێککەوتنێکی گشتگیری نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکات، کە بڕیارە بەم نزیکانە ڕابگەیەندرێت.
پێنجشەممە 10ـی نیسانی 2025، ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی لەسەر زاری ستیڤ ویتکۆف، نیردەی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بڵاوی کردەوە، سەرۆکی ئەمەریکا داوا دەکات سەرەتا حەماس و ئیسرائیل لەسەر ڕاگەیاندنی ئاگربەست ڕێکبکەون دواتر دەست بە دانووستانەکانیان بکەنەوە.
ڕۆژنامەکە لە زاری ویکۆفەوە ئاشکرای کرد، سەرۆکی ئەمەریکا کار لەسەر ڕێککەوتنێکی گشتگیری نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکات، کە بڕیارە بەم نزیکانە ڕابگەیەندرێت.
ڕۆژنامەکە ئەوەشی خستەڕوو، ئێوارەی ئەمڕۆ بنەماڵەی بارمتە ئیسرائیلییەکان پەیامێکیان لەلایەن ویتکۆفەوە پێگەیشتووە، کە ڕێککەوتنێکی زۆر جیددی لەنێوان حەماس و ئیسرائیل دەکرێت و ئەم کارەش تەنیا چەند ڕۆژێکی ماوە ڕووبدات.
ناتانیاهۆ و حکوومەتەکەی پێیان وایە زیادکردنی فشارە سەربازییەکان تاکە ڕێگایە بۆ ناچارکردنی حەماس بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان، کە هێشتا لە کەرتی غەززە دەستبەسەرن.
دوای ئاگربەستی دوو مانگ لە نێوان حەماس و ئیسرائیل، سوپای ئیسرائیل لە 18ـی ئاداردا هێرشی سەربازی خۆی بۆ سەر کەرتی غەززە دەست پێ کردەوە.
لە کۆی 251 کەس کە لە کاتی هێرشەکەی حەماس لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە بۆ سەر ئیسرائیل بە بارمتە گیران، تا ئێستا 58 کەسیان لە غەززە ماونەتەوە و بە پێی زانیارییەکانی سوپای ئیسرائیل 34 کەسیان گیانیان لەدەست داوە.