وەزیری ناوخۆی تورکیا: 105 گومانلێکراوی داعشیان دەستگیرکردووە

وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت: لە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان هێزە ئەمنییەکان 105گومان لێکراوی داعشیان دەستگیرکردووە.

هەینی، 11ـی نیسانی 2025، وەزیری ناوخۆی تورکیا عەلی یەرلیکایا ڕایگەیاند، لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکدا کە لە 19 بۆ 27ـی ئادار لەژمارەیەک پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان  دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بەڕێوەچووە، 105 گومانلێکراو دەستگیر کراون.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی وەزیری ناوخۆی تورکیا بڵاوی کردووەتەوە، لە ژمارەیەک پارێزگای تورکیا هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان بەڕێوە بردووە بۆ دەستگیرکردنی گومان لێکراوەکان و ئەو کەسانەی دەستگیرکراون گومان دەکرێت ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بن و یان یارمەتی دارایی ڕێکخراوەکەیان کردووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پروپاگەندەیان بۆ کردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە لە مانگی ڕابردوو، وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە دەستگیرکردنی 47 گومانلێکراوی لە ژمارەیەک پارێزگای تورکیا ڕاگەیاند.