عەلی شەمخانی: ئێران بەدوای ڕێکەوتنێکی ڕاستەقینە و دادپەروەرانەیە لەگەڵ ئەمەریکا

بڕیارە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ گەشت بکات بۆ عومان بۆ سەرپەرشتیکردنی دانوستانی "ناڕاستەوخۆ" لەگەڵ شاندی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، دووپاتی کردەوە، وڵاتەکەی بەدوای ڕێککەوتنی ڕاستەقینە و دادپەروەرانەوەیە لەگەڵ ئەمەریکا.
لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی ئێکس، ئەمڕۆ هەینی، 11ـی نیسانی 2025، نووسیویەتی: وەزیری دەرەوە لە کاتی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئەمەریکا دەسەڵاتی تەواوی هەیە.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە، تاران پێشنیازە گرنگ و جێبەجێکراوەکانی ئامادەیە، بەڵام ئەگەر واشنتن بە دڵسۆزییەوە بەشداریی دانوستانەکان بکات تاکوو گەیشتن بە ڕێککەوتن ئاسان بێت.
شەمخانی دوێنێ هۆشداریی دا لەوەی تاران دەتوانێت پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی دەر بکات، ئەگەر هەڕەشەکان لەدژی ئێران بەردەوام بێت.
ئەمڕۆ ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە پشتڕاستی کردەوە وڵاتەکەی "چانسی ڕاستەقینە" دەدات بە دیپلۆماسی لەم دانوستانانەدا، سەرەڕای زیادبوونی فشارەکانی واشنتن.
لای خۆیەوە واشنتن دەرکردنی پشکنەرانی دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن تارانەوە بە "بە زیادبوونی گرژی نێوان هەردوولا لە لایەن ئێرانەوە زانی."
دانوستانی سبەی شەممە دوای ئەوە دێت کە ترەمپ لە سەرەتای مانگی ئاداردا ئاشکرای کرد، نامەیەکی بۆ تاران ناردووە و پێشنیاری دانوستانی کردووە. بەڵام هەڕەشەی کردەوەی سەربازیی لە دژی کرد ئەگەر ڕێککەوتنێک نەکرێت.
تاران دوای چەند هەفتەیەک وەڵامی دایەوە و ئامادەیی خۆی بۆ دانوستانی ناڕاستەوخۆ دووپاتکردەوە و دانوستانی ڕاستەوخۆی ڕەتکردەوە.
تاران و شەش وڵاتی زلهێز لەوان ئەمەریکا، ڕووسیا و چین، لە ساڵی 2015 ڕێککەوتنێکیان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی کرد کە بە فەرمی بە پلانی هەمەلایەنەی هاوبەشی کارکردن (JCPOA) ناسراوە. ڕێککەوتنەکە ڕێگەی بە سنووردارکردنی بەرنامەکەی دا و گەرەنتی سروشتی ئاشتیانەی خۆی لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکاندا.