ئێکس ئەکاونتی گوتەبێژی سەربازی حوسییەکانی داخست
تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئەکاونتی فەرمی گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی حووسییەکانی داخست و هەر ئەمڕۆش ئەمەریکا ژمارەیەک هێرشی ئاسمانی کردووەتەوە سەر پێگەکانی حووسییەکان لە یەمەن.
هەینی، 11ـی نیسانی 2025، کارگێری پلاتفۆرمی ئێکس ئەکاونتی یەحیا سەریع، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حووسییەکان داخست.
تاوەکوو ئێستا هۆکاری داخستنەکەی دیارنەکراوە، بەڵام دەگوترێت لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا، لێدوانی سەربازیی ناڕاستی لە ئەکاونتی خۆی بڵاوکردووەتەوە، بەتایبەتی پشتگیری کردنی لە غەززە.
پێشتر واشنتۆن بەڵێنی داوە کە "هەموو ئامرازە بەردەستەکان" بەکاربهێنێت بۆ تێکدانی چالاکییەکانیان و دابەزاندنی تواناکانی حووسییەکان.
لە 15ـی ئازارەوە ئەمریکا هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی یەمەن دەستپێکردووە، کە بانگەشەی ئەوە دەکات کە لەژێر کۆنترۆڵی حوسییەکاندان.
ئەم هەڵمەتانەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە دۆنالد ترەمپ فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد "هێرشێکی گەورە" بۆ سەر گروپی حوسییەکان دەستپێبکەن، پێش ئەوەی هەڕەشەی "بەتەواوی لەناوبردنی"یان بکات.
فڕۆکە ئەمەریکییەکان 11 هێرشیان بۆ سەر شوێنەکانی حووسییەکان و کۆگاکانی چەک لە سەنعا دەست پێکرد و بە گوێرەی میدیای حووسییەکان، ئەم هەڵمەتانە، ئەمڕۆ هەینی، 11ـی نیسانی 2025، لە شارەدێی بەنی حەشیش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سەنعا، چیای فەج عەتان و نوقوم و گەڕەکی هاوار لە شارۆچکەی حەمدان کردە ئامانج.