ئەردۆغان: سیاسەتی جیهانگەریی شکستی هێناوه
ئەردۆغان: ئیسرائیل دەوڵەتی تیرۆره و هیچ پێناسەیەکی دیکەی بۆ ناکرێت

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، چوارەمین کۆڕبەندی دیبلۆماتی ئەنتاڵیا کردە مینبەرێک بۆ گەیاندنی پەیامەکانی و ڕایگەیاند، سیاسەتی جیهانگەریی لە چارە کردنی کێشەکان، شکستی هێناوه و گوتیشی: دەمانەوێت پەیامی ئاشتی بە هەموو گەلانی جیهان بگەیەنین.
سەرۆکی تورکیا هەر لە گوتارەکەیدا گوتی: ناوچەکەمان بەهۆی ململانێی زلهێزەکانەوه زۆرترین زیانی بەرکەوتووه و ئێستاش هەوڵەکانی داگیرکاری له ناوچەکە کۆتایی نەهاتووه.
ڕاشیگەیاند، تورکیا دەیەوێت کۆتایی به مەینەتییەکانی گەلانی ناوچەکەمان بهێنێت، چونکە ناکرێت داهاتوو لەسەر ستەم بنیات بنرێت و تورکیاش چاوی نەبڕیوەتە خاکی هیچ وڵاتێک و گوتی: چاومان له داگیرکردنی خاکی هیچ وڵاتێک نییه، بەڵکو دەمانەوێت ناوچەکامان ببێته شوێنی ئاشتی و پێشکەوتن، نەک ململانێ و شەڕ.
هەر لە گوتارەکەیدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕەخنەی لە ئەنجوومەنی ئاسایش گرت و گوتی: جیهان له پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش گەورەتره، هەربۆیە سیاسەتی جیهانگەریی لە چارە کردنی کێشەکان، شکستی هێناوه، هەربۆیە ئیسرائیل بێدەنگیی جیهان بۆ بەردەوامیی دڕندەییەکەی دەقۆزێتەوه.
هەروەها هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و ڕایگەیاند، ئیسرائیل دەوڵەتی تیرۆره و هیچ پێناسەیەکی دیکەی بۆ ناکرێت، ئیسرائیل به دەستدرێژی بۆ سەر سووریا و لوبنان کێشه له ناوچەکه دروست دەکات و گوتیشی: ئەگەر هەوڵی ناسەقامگیرکردنی سووریا بدرێت، دەستەوەستان نابین.
ئەردۆغان هەر لە سەر دۆخی سووریا هۆشداریدا و گوتی: ئەوەی بیەوێت کارەسات بۆ سووریا بگەڕێنێتەوه، دەبێت خۆی بۆ باجەکەی ئاماده بکات.