عێراق و ئێران پەرەپێدانی هاوکاری هاوبەش و چەسپاندنی سەقامگیریی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق و مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران
لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق و مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران

هەردوو سەرۆک کۆماری عێراق و ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا، جەختیان لە گرنگی بەردەوامی هاوکاری نێوانیان و چڕکردنەوەی هەوڵەکان و گفتوگۆی بنیاتنەر بۆ چارەکردنی ئاستەنگەکان و چەسپاندنی بناغەکانی گەشەپێدان و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.

هەینی 11ـی نیسانی 2025، لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق و مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران بە تەلەفۆن قسەیان کرد.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، ڕایگەیاند: هەردوو سەرۆک کۆماری عێراق و ئێران، بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزان و نەورۆزەوە پیرۆزباییان لە یەکتر کرد و، هیوای پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی زیاتریان بۆ گەلانی هەردوو وڵات خواست.

هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان هەر دوو وڵاتی دراوسێ و چۆنییەتی پەرەپێدانی هاوکاری لە بوارە جیاجیاکانی بەرژەوەندیی هاوبەش تاوتوێ کرا، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەر دوو گەل بکات و ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بچەسپێنێت.

هەروەها  ڕێککەوتن کرا لەسەر چالاککردنی هەماهەنگیی لە مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بە شێوەیەک کە بەشدار بێت لە پشتیوانیکردنی سەقامگیری سیاسی و کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە.

 
 
Fly Erbil Advertisment