هاتووچۆی هەولێر ماتۆڕسوارەکان ئاگادار دەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر ماتۆڕسوارەکان ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت: ئەگەر لەسەر شەقامەکان نمایشی مەترسیدار ئەنجام بدەن، ئەوا ماتۆڕەکانتان دەستیان بەسەردا دەگیرێت و خۆشتان دەدرێنە دادگا.

هەینی 11ـی نیسانی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر، لە ڕاگەیەندراوێکدا ماتۆڕسوارەکان ئاگادار دەکاتەوە بۆ ئەوەی تووشی سزای پێبژاردن و دەست بەسەر داگرتنی ماتۆڕەکانیان نەبن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ماتۆڕ هۆکارێکی گواستنەوەیە و لەیاسای هاتووچۆ ڕێگەیپێدراوە هاتووچۆ بکات، لەسەر شەقامەکان و ئێستاش بووتە یەکێک لە ئامرازەکانی کار و کەسابەت، بەڵام بەشێک لە ماتۆڕسوارەکان سەرپێچی یاساکانی هاتووچۆ دەکەن و مەترسی بۆ سەر ژیانی خۆیان و هاووڵاتیانی دیکەش دروست دەکەن. 

بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت: هەر ماتۆڕسوارێک پابەندیی یاسا و ڕێنماییەکانی هاتووچۆ نەبێت و مەترسی بخاتە سەر سیستەمی هاتووچۆ و هاووڵاتییان بێزار بکات، ئەوا لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت و سزاش دەدرێت.

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر، چەند ڕێنماییەکی خستووەتەڕوو، بۆ ئەوەی ماتۆڕسوارەکان هۆشیار بن و تووشی سزای دارایی و بەندکردن نەبن:

1- هەر ماتۆڕسوارێک لەسەر شەقامەکان سەرکێشی بکات و نمایشی مەترسیدار بکات، ئەوا ماتۆڕەکەی دەستی بەسەردا دەگیرێت و خۆشی دەدرێتە دادگا.

2- هەر ماتۆڕسوارێک لە ترافیکە لایتەکان نەوەستێ و بە خێرایی بە بەردەم کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی تێپەڕبێت، سزای دارایی دەدرێت، هەروەها ئەگەر ماتۆڕەکە تۆمارنەکراو بێت و لۆگۆی کۆمپانیاکانی دیلیڤەری پێوە بێت، کۆمپانیاکە مانگانە لیستی سزاکانی بۆ ڕەوانە دەکرێت.

3- هەر ماتۆڕسوارێک کڵاوی سەر، ئەژنۆ، مەچەکپارێزی، لەکاتی لێخورین بەکار نەهێنێت، ئەوا سزای دارایی دەدرێت. 

4- هەر ماتۆڕسوارێک دەنگی ئەگزۆزی ماتۆڕەکەی بەرز بکاتەوە و هاووڵاتییان بێزار بکات، دەست بەسەر ماتۆڕەکەی دەگیرێت و خۆشی دەدرێتە دادگا.

هاتووچۆی هەولێر، ئاماژەی بەوەش کرد، هاووڵاتیان دەتوانن لە ڕێگەی پەیجی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێرەوە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، زانیاری بدەنە پۆلیسی هاتوچوۆ ئەگەر لە گەڕەکەکانیان مانۆڕی ماتۆڕسواری بکرێت.