کۆشکی سپی: دەبێت ئێران بە بڕیاری ترەمپ ڕازی بێت ئەگینا باجێکی قورس دەدات
کۆشکی سپی ڕایگەیاند: دانووستانی نێوان ئێران و ئەمەریکا لە عومان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەبێت. جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت ئێران بە بڕیاری ترەمپ ڕازی بێت ئەگینا باجێکی قورس دەدات.
هەینی 11ـی نیسانی 2025، کارۆلین لڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: پێویستە ئێران بڕیاری خۆی بدات و تەواوی بژاردەکان لەگەڵ وڵاتەکە بەردەستن.
گوتەبێژی کۆشکی سپی، ئاماژەی بەوە کرد، دانووستانی نێوان ئێران و ئەمەریکا لە عومان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەبێت. گوتیشی: دەبێت ئێران بە بڕیاری ترەمپ ڕازی بێت ئەگینا باجێکی قورس دەدات.
باسی لەوەش کرد، ئامانجی دانووستانی واشنتن لەگەڵ تاران، ڕێگریکردنە لە ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
کارۆلین لڤیت، لەبارەی چینەوە، گوتی: ترەمپ سەرەڕای سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر چین، بەڵام گەشبینە بەوەی لەگەڵ وڵاتەکە بگاتە ڕێککەوتن.
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، زیاتر لە 60 وڵات پەیوەندییان بە ترەمپەوە کردووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر بابەتی باجی گومرگی.
دووشەممە 7ـی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ڕۆژی شەممەی داهاتوو لە عومان، دانووستانی ڕاستەوخۆ لەبارەی پرسی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەکەین.
هاوکات ترەمپ هیوای خواست ئێران بە ڕێککەوتن ڕازی بێت و گوتی: ڕێککەوتن باشترە لە بژاردەی دیکە.
