سەرۆک بارزانی: کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی و ئەردۆغان ئومێد بەخشە

سەرۆک بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و بووسیویەتی "کۆبوونەوەی نێوان شاندی ئیمرالی و سەرۆک ئەردۆگان هەنگاوێکی ئیجابی و ئومێدبەخشە بۆ چارەسەری کێشەکان".
هەر لەم پەیامەدا، سەرۆک بارزانی نووسیویەتی" کۆبوونەوەکە پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ پێشڤەچوونی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا".
کۆبوونەوەی نێوان شاندی ئیمرالی و سەرۆک ئەردۆگان هەنگاوێکی ئیجابی و ئومێدبەخشە بۆ چارەسەری کێشەکان. هەروەها پاڵنەرێکی بەهێزیشە بۆ پێشڤەچوونی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا.
— Masoud Barzani (@masoud_barzani) April 11, 2025
دوێنێ پێنجشەممە 10ـی نیسانی 2025، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان "دەم پارتی"، لە کۆشکی سەرۆکایەتیی تورکیا، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری وڵاتەکە کۆبووەوە، کە شاندەکەی دەم پارتی لە سڕری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرورین بوڵدان، پەرلەمانتار پێکهاتبوون.
هەر لە کۆبوونەوەیەکدا هەر یەك لە ئیبراهیم كاڵن، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری تورکیا و ئەفكان ئاڵا، جێگری سەرۆكی گشتیی ئاكپارتی ئامادە بوون، کە نزیکەی کاتژمێریک و 30 خولەکی خایاند.
دوای کۆبوونەوەکە، دەم پارتی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنی، بنیاتنەر، بەرهەمدار و ئومێدبەخش بۆ داهاتوو بەڕێوەچوو.
دەم پارتی ڕاشیگەیاندووە بە شانازییەوە هەموو دانیشتووانی تورکیا ئاگادار دەکەینەوە، کە ئەمڕۆ لە دوێنێ گەشبینیترین بۆ پرۆسەی ئاشتیی و لە قۆناغی داهاتوودا بە ئیرادەیەکی بەهێزترەوە لە کارەکان بۆ جێبەجێکردنی بانگەوازی ئۆجەلان بۆ پرۆسەی ئاشتیی تورکیا بەردەوام دەبن.