ئەمەریکا: ئامادەین کێشەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران چارە بکەین

نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا، بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبارەی کۆبوونەوەکەی سبەی لەگەڵ شاندی ئێران ڕایگەیاند، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە هیچ شێوەییەک ڕێگە نادات ئێران وەبەرهێنان لە چەکی ئەتۆمیدا بکات، بەڵام هەموو ڕێگەکان دانەخراون، بەڵکو سازش لەو بارەیەوە دەکەین.

هەینی 11ـی نیسانی 2025، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە سەر زاری ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوی کردووەتەوە، هەڵوێستی ئەمڕۆی ئەمەریکا داواکردنە لە تاران بۆ کۆتاییهێنان بە بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەکە، بەڵام هەموو ڕێگەکان داناخەن، بەڵکو سازش دەکەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتە.

هەروەها ئاماژەشی دا، لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ وەبەرهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە هێڵی سوورە، بۆ ئەمەش ئیدارەکە بە هەموو شێوەییەک ڕێگری لەوە دەکات. جەختیشی کردووتەوە، واشنتن ئامادەیە کێشەی ئەتۆمی تاران چارە بکات.

دەشڵێت: ئەگەر ئێران ڕەتی کردەوە دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی بێت و سازش نەکات، ئەوە وەڵام و کاردانەوەی ئەمەریکا بۆ دۆناڵد ترەمپ جێدەهێڵین.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیار وایە ستیڤ ویتکۆف، نێڕدەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سبەی بە یاوەری شاندێک بچێتە عومان و لەگەڵ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی تاران کۆببێتەوە.

هاوکات هەر ئەمرۆ  کارۆلین لڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: پێویستە ئێران بڕیاری خۆی بدات و تەواوی بژاردەکان لەگەڵ وڵاتەکە بەردەستن.

گوتەبێژی کۆشکی سپی، ئاماژەی بەوە کرد، دانووستانی نێوان ئێران و ئەمەریکا لە عومان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەبێت. گوتیشی: دەبێت ئێران بە بڕیاری ترەمپ ڕازی بێت ئەگینا باجێکی قورس دەدات.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment