ڕێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد گرنگە

سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق هەنگاوێکی ئەرێییە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد لە سووریا.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەیەکی داخراوی دەرباری دۆخی سووریا کرد، بەشێکی کۆبوونەوەکەش تەرخان کرا بۆ باسی بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان.

لە کۆبوونەوەکەدا، جیرۆم بۆنافۆن، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی هەسەدە و دەسەڵاتی ڕاگوزەری سووریا بۆ یەکپارچەیی ئەو وڵاتە و بەدەستهێنانی مافی کورد گرنگە و چاودێریی ڕێککەوتنەکە دەکەن.

هاوکات، لەکۆبوونەوەکەدا، نوێنەری یۆنان جەختی لەوەکردەوە؛ پێویستە هێرشەکان بۆسەر بەنداوی تشرین ڕابگیرێن، چونکە ئەو بەنداوە گرنگی ستراتیجیی بۆ ژیانی خەڵکی ئەو ناوچەیە هەیە.

لە 10ـی ئاداری 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا و مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، گەیشتنە ڕێککەوتنێک کە یەکگرتنی ئیداری، سەربازی و ئەمنی نێوان باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و دیمەشقیان خستەڕوو، کە بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ جێبەجێ بکرێت. 

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی کۆماری سووریا، ڕێککەوتنەکە هەشت خاڵ لەخۆدەگرێت: 

یەکەم: مافی نوێنەرایەتی و بەشداریکردن لە پڕۆسەی سیاسی و دامودەزگاکانی دەوڵەتدا هەموو سوورییەکان دەگرێتەوە بەبێ لەبەرچاوگرتنی نەتەوەیی یان مەزهەبی.

دووەم: پێکهاتەی کورد بە ڕەچەڵەک سوورییە، دەوڵەتی سووریاش مافی هاووڵاتیبوون و هەموو مافە دەستوورییەکانی خۆی بۆیان مسۆگەر دەکات.

سێیەم: ئاگربەست لە سەرجەم خاکەکانی سووریا.

چوارەم: تێکەڵکردنی سەرجەم دامودەزگا مەدەنی و سەربازییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ ئیدارەی دەوڵەتی سووریا، لەوانە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتی و گازییەکان.

پێنجەم: دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکانی سووریا بۆ شار و گوندەکانیان، هەروەها دەستەبەرکردنی پاراستنیان لەلایەن دەسەڵاتی سووریاوە.

شەشەم: پاڵپشتیکردنی دەوڵەتی سووریا لە شەڕی دژی پاشماوەکانی ئەسەد و هەموو هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی سووریا.

حەوتەم: ڕەتکردنەوەی بانگەشەکانی دابەشبوون و قسەی ڕقاوی و هەوڵدان بۆ چاندنی ناتەبایی لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریادا.

هەشتەم: لیژنەکانی جێبەجێکردن هەوڵ دەدەن تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکەن.