دانوستانی ئهمەریكا و ئێران لە عوممان دهست پێ دهكات
ئهمڕۆ کۆبوونەوەی نێوان دیپلۆماتکارانی ئەمەریکا و ئێران لە عوممان بەڕێوە دەچێت.
ئهمڕۆ شەممە، 12-04-2025، کۆبوونەوەی نێوان هەردوو شاندی باڵای ئەمەریکا لەگەڵ تیمێکی دیپلۆماتکارانی ئێران لە عوممان بەڕێوە دەچێت.
ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی دەکات. عەباس عراقچیش، وەزیری دەرەوە، سەرۆکایەتیی شاندەکەی ئێران دەکات.
کۆبوونەوەکە بۆ باسکردنە لە ناکۆکییەکانی نێوان تاران و واشنتن، بەتایبەت پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران. پێشتر سەرۆکی ئەمەریکا گوتبووی، کۆبوونەوەکە ڕاستەوخۆیە، بەڵام تاوەکوو ئێستە ئێران ئەمە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: ناڕاستەوخۆیە.
میدیاکانی ئەمەریکاش باسیان لەوە کردووە، قۆناغی یەکەمی دانوستانەکان ناڕاستەوخۆ دەبن، بەڵام ئەگەر ئەنجامەکان ئەرێنی بن، لە قۆناغی داهاتوودا دەبنە ڕاستەوخۆ.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پێش کۆبوونەوەکە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و دەیانەوێت لەگەڵ تاران ڕێک بکەون، ئەگەر نەشگەنە ڕێککەوتن، باجەکەی قورس دەبێت.