عراقچی: ئێمە بە نیازی گفتوگۆیەکی ناڕاستەوخۆی جیددین لەگەڵ ئەمەریکا

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان، ڕایگەیاند، ئێمە بە نیازی گفتوگۆیەکی ناڕاستەوخۆی جیددی لەگەڵ ئەمەریکا، هاتووینەتە مەسقەت.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، عراقچی گوتوویەتی: ئەو تیمەی کە لەگەڵمدایە، لە پسپۆڕان و شارەزایانی تایبەتیی بواری پەیوەندییەکانی دەرەوەن و لەم بوارەدا شارەزایی تەواویان هەیە. ئەوان پێشتر لە دانسوتانە هاوشێوەکاندا بەشدار بوونە. ئێمە بە نیازی گفتوگۆیەکی ناڕاستەوخۆی جیددین لەگەڵ ئەمەریکا.
عراقچی، ڕایگەیاند "ئەگەر لایەنی بەرانبەر (واتە ئەمەریکا) وەک ئێمە، بە نیازی گەیشتن بە ڕێککەوتنامەیەکی دادپەروەرانە و شەرەفمەندانە بێت، ئەوا شانسی ڕێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ دەستپێکردنی زنجیرەیەک دانوستانی بەرفراوانتر، هەیە."
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: لەم دیدارەدا زۆر بابەتی بنەڕەتیی و گرنگ، ڕوون دەبنەوە؛ وەک نیازپاکیی هەردوولا بۆ ڕێککەوتن تاکوو ئێمە دواتر، سەبارەت بە دانانی خشتەیەکی کاتیی بۆ بەردەوامیی دانوستانەکان، بڕیار بدەین. بەڵام جارێ زووە قسە لەم بارەوە بکەین. ئەوەی تا ئێستە ڕوونە، دانوستانەکان ناڕاستەوخۆ دەبن و لە ڕوانگەی ئێمەوە تەنیا سەبارەت دۆسییەی ئەتۆمی دەبێت بۆ ئەوەی بگەینە ڕێککەوتنێک لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی خەڵکی ئێراندا."
عراقچی، ئەمڕۆ 11ـی نیسان 2025 لەگەڵ شاندێکی پسپۆڕدا گەیشتە مەسقەت و یەکسەر لەگەڵ ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان، کۆ بووەوە.
ئێران، جەخت لە ناڕاستەوخۆیی دانوستانەکان دەکاتەوە، لە کاتێکدا ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، دانوستانەکان ڕاستەخۆ دەبن و لە ئەگەری ڕێککنەکەوتندا بژاردەی هێرشی سەربازیی قورس بۆ سەر ئێران هەیە.