ئەردۆغان: ئیسرائیل هەوڵی لەناوبردنی شۆڕشی سووریا دەدات
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە هەوڵی لەناوبردنی شۆڕشـی سووریا دەدات.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لە کۆڕبەندی دیپلۆماسی لە ئەنتاڵیا ڕایگەیاند "ئیسرائیل هەوڵدەدات لە ڕێگەی دابەشکاریی نەتەوەیی و ئایینییەکان لە سووریا و هاندانی پێکهاتەکانی وڵات بۆ دژایەتیکردنی حکوومەت، شۆڕشی 8ـی کانوونی دووەم تێک بدات."
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کرد "ڕێگە نادەین سووریا بخێنرێتە ناو گێژاوی ناسەقامگیرییەوە." گوتیشی: گەلی سووریا لە ئازار و چەوساندنەوە و شەڕ بێزارە.
سەرۆک کۆماری تورکیا ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی "بەهێرشەکانی بۆ سەر سووریا و لوبنان، ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە سەقامگیریی ناوچەکە دەکات."
ئەحمەد شەرع، لەچوارچێوەی بەشداریی لە کۆڕبەندەکە، لە تێلێگرام ڕایگەیاند "کۆڕبەندەکە دەرفەتێکی بەنرخی ڕەخساند بۆ بیروڕا ئاڵوگۆڕکردن لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردە و بەرپرس لەسەر ئاستەنگەکانی ئێستای ناوچەکە و نێودەوڵەتی، ئەمە جگە لەوەی جەختی لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە یەکڕیزی و سەروەریی سووریا کردەوە."
هەینی 11ـی نیسانی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیپلۆماسی لە ئەنتاڵیا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سووریا کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، نوسیوویەتی: خۆشحاڵ بووم کە لە ئەنتاڵیا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سووریا کۆبوومەوە.
هاوکات گوتی: لەگەڵ شەرع باسمان لە دۆخی سووریا کرد و شەرع دیدگای خۆی بۆ سووریای داهاتوو کە هەموو گەلەگەی لەخۆ بگرێت خستەڕوو.
نێچیرڤان بارزانی، ئاماژەی بەوە کرد، پێزانیم بۆ کارەکانی ئەحمەد شەرع لە بەرانبەر یەکگرتوویی سووریا هەیە و لە پشتیوانیکردنیشی بەردەوام دەبین.
باسی لەوەش کرد، هەردوولامان پابەندبوونی خۆمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوامی داعش دووپات کردەوە. گوتیشی: خۆشحاڵبووم بە پابەندبوونی شەرع بە ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە.