پۆلیسی بەریتانیا: مافیای بیانییەکان ئاسایشی بەریتانیا تێک دەدەن
لە هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنیندا، کە سێ هەفتە بەردەوام بووە، پۆلیسی بەریتانیا 265 دوکانی پشکنیوە کە تێیاندا جگە لە فرۆشتنی جگەرەی قاچاخ و ماددەی هۆشبەر، کوێلەداریشیان تێدا کراوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی گاردیان، ئاژانسی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوی تاوان (NCA) ڕایگەیاندووە، زۆربەی ئەم دوکانانە سەرتاشخانە و جوانکاریی بوون و هەندێکیشیان فرۆشگەی جگەرەی ئەلیکترۆنی(ڤەیپ) بوون، کە لەم ساڵانەی دوایدا ژمارەیان بە شێوەیەکی بەرچاو لە سەرانسەری بەریتانیا زیادی کردووە.
ئاژانسەکە، ئاماژەی بەوە داوە، زۆربەی ئەم دوکان و فرۆشگایانە بە ڕواڵەت یاسایی بوون و بە گوێزانی تیژ و خاولیی گەرم، خزمەتی مشتەرییەکانیان دەکرد، بەڵام پسپۆڕانی ئەمنیی بەریتانیا بۆیان دەرکەوتووە کە هەندێک لەوانە، ژێر بە ژێر، لە لایەن مافیای کوردی و ئەلبانییەوە بۆ بازرگانیی بە ماددەی کحولی و مرۆڤ، بەکار هێنراون.
هەڵمەتەکە، لەژێر ناوی (ماشینایز) بە مەبەستی بنەبڕکردنی تاوان لە شەقامە سەرەکییەکانی بەریتانیا و ڕێگریی لە گرووپە تاوانکارەکان لە بەکارهێنانی ئەو دوکان و فرۆشگایانە بە مەبەستی قاچاخچییەتی، بەڕێوە چوو. لە هەڵمەتەکەدا، 19 هێزی جیاوازی پۆلیس، یەکە هەرێمییەکانی لەناوبردنی تاوانە ڕێکخراوەکان بەشدار بوون و لە ئەنجامدا 35 کەس دەستگیر کران و 97 کەسیش کە گومان دەکرێت قوربانیی کۆیلایەتی بن، خرانە ژێر پارێزگاریی پۆلیسەوە.

پتر لە یەک ملیۆن پاوەند لە هەژماری بانکیی تاوانبارەکاندا سڕ کران و دەست بەسەر پتر لە 40 هەزار پاوەندی کاشدا گیرا. جگە لە 200 هەزار جگەرە، 7 هەزار پاکەتی جگەرە و 8 هەزار ڤەیپ.
هەڵمەتەکە، کێڵگەیەکی ڕواندنی حەشیشەیان دۆزییەوە و لەناویان برد. ئاژانسی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی تاوان ڕایگەیاند "ساڵانە پتر لە 12 ملیار پاوەند لە پارەی قاچاخ لەناو بەریتانیادا مامەڵەی پێوە دەکرێت."
ڕاشیل هێربەرت، جێگری بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ئابووری گوتی: هەندێک لە کۆمپانیاکان پارەی کاش لە مامەڵەکانیاندا بەکار دەهێن، کە بە ئاسانی دەتوانن ترسناکترین و کاریگەرترین تاوان لە بەریتانیا بکەن.
زۆرێک لە پەنابەران بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەریی لە ئەورووپا، هانا بۆ چەندان فێڵ و ڕاپۆرتی ناڕاست دەبەن، بەڵام پاش وەرگرتنی ئەو مافە، دەست دەدەنە کاری نایاسایی و تاوان کە ئەمەش ناوبانگی بیانییەکان لە ئەورووپا لەکەدار دەکات.