سەرکەوت کاڕەش: ئەو هەواڵانەی دەربارەی دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا دوورن لە ڕاستییەوە

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: تا ئێستا تەرمی ئاڤێستا یوسف نەدۆزراوەتەوە و ئەو هەواڵانەشی کە باس لە دۆزینەوەی دەکەن دوور لە ڕاستییەوە.
شەممە 12ـی نیسانی 2025، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەری کوردستان24ـی گوت: ڕۆژانە تیمەکانمان بەردەوامن لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمی مامۆستا ئاڤێستا یوسف.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هەواڵانەشی کە باس لە دۆزینەوەی تەرمەکە دەکەن سەرجەمی ڕەت دەکەینەوە و دوورن لە ڕاستییەوە.
دوێنێش کاروان میراودەلی، بەڕێوبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو: لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانی سەرۆک بارزانی، تیمەکانی بەرگریی شارستانی بۆ گەڕان بە دوای دۆزینەوەی مامۆستا ئاڤێستا یوسف لە ئاوی ڕووباری ڕێزان لە دەڤەری بارزان زیاد کراون.
باسی لەوەش کردبوو، 59 تیمی مەلەوان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر،سۆران و زاخۆ دەستیان بە گە ڕان کردووە بۆ دزۆینەوەی مامۆستاکەش، هەروەها هێلیکۆپتەریش لە پرۆسەکە بەکار دێت.
شەممە، 5ـی نیسانی 2025، خێزانێک بۆ گەشتکردن چوونە سنووری شارۆچکەی مێرگەسۆر، لەو کاتە خوشک و برایەکی خێزانەکە، بۆ وێنەگرتن چوونە لێواری ڕووبارەکە، براکە دەکەوێتە نێو ڕووبار و خوشکەکەی بە ناوی ئاڤێستا یوسف هەوڵی ڕزگارکردنی براکەی دەدات، بەڵام براکەی لەناو ڕووبارەکە بە سەلامەتی ڕزگاری بوو و ئاڤێستای تەمەن 27 ساڵیش تا ئێستا بێسەروشوێنە.