کۆشکی سپی، ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ویتکۆف و عراقچی ئاشکرا دەکات

کۆشکی سپی ڕایگەیاند: دانوستانەکانی نێوان وەزیری دەرەوەی ئێران و نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەرێیی و بیناتنەر بوون.

شەممە 12ـی نیسانی 2025، کۆشکی سپی، لەبارەی کۆبوونەوەی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆشکی سپیدا هاتووە، ویتکۆف دڵنیایی دایە عراقچی کە ڕێنمایی لە ترەمپ وەرگرتووە بۆ چارەکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ڕێگەی دیالۆگەوە.

باس لەوەش کراوە، دانوستانەکانی نێوان وەزیری دەرەوەی ئێران و نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەرێنی و بیناتنەر بوون.

بە پێی ڕاگەیاندراوەکە، کێشەکان زۆر ئاڵۆزن، بەڵام گفتوگۆی هەردوولا هەنگاوێکە بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامێکی هاوبەشی سوودبەخش بۆ هەردوولا.

کۆشکی سپی، ئاماژەی بەوەش دا، عراقچی و ویتکۆف ڕێککەوتن کە دووبارە شەممەی داهاتوو پێکەوە کۆببنەوە.

لەلایەکی دیکەوە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی: کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ویتکۆف، لە کەشێکی ئەرێیی و ڕێزگرتن لەگەڵ یەکتر بەڕێوە چوو، هەروەها دیدگای ئێرانی لە بارەی کێشەکان بە ڕوونی خرایەڕوو.

دووپاتیشی کردووەتەوە، ئەمەریکا و ئێران بڕیاریان دا، لە چەند ڕۆژی داهاتوو  بۆ جاری دووەم کۆ ببنەوە.

لای خۆشیەوە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گوتی: دانوستانەکە لەگەڵ ئێران ئەرێنی بوو. باسی لەوەش کرد، ئەمڕۆ دەگەڕێمەوە واشنتن و بەر لە بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی دانوستانەکە، ڕاوێژ لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەکەم.

هەر لەبارەی کۆبوونەوەکە وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عوممان ڕایگه‌یاند، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ به‌دیهێنانی ئاشتی و ئاسایش له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی. گوتووشیه‌تی: دانوستانه‌كان له‌ كه‌شێكی دۆستانه‌ بۆ لێكنزیكبوونه‌وه‌ی بۆچوونه‌كان به‌ڕێوه‌ چووه‌.

ئەمڕۆ شەممە 12ـی نیسانی 2025، عەباس عراقچی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە مەسقەتی پایتەختی عوممان کۆبوونەوەیەکی ناڕاستەوخۆیان کرد.

 
 
Fly Erbil Advertisment