هەسەدە و دیمەشق جەخت لە کەمکردنەوەی گرژییەکان لە دەوروبەری بەنداوی تشرین دەکەنەوە

لە کۆبوونەوەی فەرماندەی گشتیی هەسەدە و نوێنەری حکوومەتی نوێی سووریا، گفتوگۆیان لەبارەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوانیان کرد و جەختیشیان لە کەمکردنەوەی گرژییەکان لە دەوروبەری بەنداوی تشرین کردەوە.
شەممە 12ـی نیسانی 2025، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" و ئیدارەی نوێی سووریا، ئەمڕۆ بۆ دووەمجار لە حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و حوسێن سەلام، نوێنەری حکوومەتی نوێی سووریا کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا گفتوگۆی لهبارهوه کرا کە لە 10ـی ئاداری ئەمساڵ واژۆ کرا، جەختیش لەسەر کەمکردنەوەی گرژییەکان لە دەوروبەری بەنداوی تشرین کرایەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە پێکهێنانی لێژنەیەکی تایبەت بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەران کرا.
لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ شاندێکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ئیدارەی نوێی سووریا بە مەبەستی ڕێگریکردن لە شەڕ و نائارامی سەردانی بەنداوی تیشرینیان لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد.
بە گوێرەی زانیارییەکان چاوەڕێ دەکرێت ئاگربەستی هەمیشەیی لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و تورکیا لەو ناوچانەی دوروبەری بەنداوی تشرین ڕابگەیەندرێت.