ترەمپ: دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بە باشی بەڕێوە چوون

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، دانوستانەکان لەگەڵ ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بە باشی بەڕێوە چوون.
ترەمپ، لە یەکەم لێدوانیدا سەبارەت بەو دانوستانەی ڕۆژی شەممە لە شاری مەسقەت کرا، بە ڕۆژنامەنوسانی گوت: دانووستانەکە بە باشی بەڕیوە چوو، ئێستا هیچ شتێک گرنگ نییە تا دانووستانەکان کۆتاییان دێت، بۆیە حەز ناکەم باسی بکەم.
سەرۆکی ئەمەریکا لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: دانوستانەکان زۆر باش دەڕوات "پێموایە بابەتەکان لەگەڵ ئێران زۆر بەباشی بەڕێوەدەچن."
کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ستیڤن ویتکۆف، نوێنەری ئەمەریکا لەگەڵ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆ بووەوە و وتووێژێکی ئەرێیی و بنیاتنەری لەگەڵدا کردووە.
کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ویتکۆف دڵنیایی دایە عراقچی کە ڕێنمایی لە ترەمپ وەرگرتووە بۆ چارە کردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ڕێگەی دیالۆگ و دیپلۆماسییەوە، ئەگەر بتوانرێت."
لە بەیاننامەکەدا هاتووە؛ ئەم پرسانە لەڕادەبەدەر ئاڵۆزن. بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی نێردەی تایبەت هەنگاوێکە بۆ پێشەوە بەرەو بەدەستهێنانی دەرئەنجامێکی سوودبەخشی بۆ هەردوولا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، ڕۆژی شەممەی داهاتوو هەردوولا جارێکی دیکە کۆ دەبنەوە.
دانوستانەکان له سەڵتەنەتی عومان بەڕیوە چوون و عراقچی بە کەناڵیکی ئێران دەڵێت: پێموایه زۆر نزیک بووین لە گەیشتن بە بنەمایەکی دانوساتن، ئەگەر هەفتەی داهاتوو بتوانین بگەینە ئەم بنەمایە ڕێگای دوورمان بڕیوە و دەتوانین لەسەر ئەم بنەمایە گفتگۆی ڕاستەقینە دەست پێ بکەین.
ئەم دانوستانە یەکەمین دانوستانی نێوان ئێران و ئیدارەی ترەمپ بوو، کە کراون.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: هەردوولامان ڕێککەوتین لەسەر بەردەوامیی دانوستانەکان، ڕەنگە شەممەی داهاتوو ئێران و ئەمەریکا لە ماوەیەکی کورتخایەندا بگەنە ڕێککەوتن، گوتیشی: ئێمە نامانەوێت دانوستان لە پێناو وتووێژدا بکەین.